جام کوردی:
سەرۆکی ڕێکخراوی خانی، بۆ لێکۆڵینەوەی هزری لە هەرێمی کوردستان – هەولێر لەگەڵ شاندێکی ڕاگەیاندنی و فەرهەنگی بە هاوکاری بەشی فەرهەنگی کۆنسولگری ئێران لە هەرێمی کوردستان رۆژی سیشەممە ٧ی بەفرانبار سەردانی ئێرانیان کردووە، جام کوردی لەو چوارچێوەیەدا چەندین پرسیاری فەرهەنگی لە فهرهیدوون سامان کردووە و دەڵێت: کورد و فارس لێکنزیکن و دەبێت ئێران هەمان ماف کە بۆ فارس هەیە بۆ کوردیش دابینی بکات تا کێشە دروست نەبێت.
کار و چالاکی ئێوە چییە؟
کار و چالاکی ئێمە لەسەر گروپە ئیتنیکیەکانی کوردستانە وەک پێکهاتەی نەتەوەیی و کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی هەرێمی کوردستان وەک نمونە ئێزیدی، فەیلی، شەبەک، یارسان (کاکەیی)، بەهاییەکان هەروەها لەسەر کوردانی قەفقاز، خوراسان لەسەر ئاستی زمان کارمان کردووە ، ناسنامە و کلتووری ئەم گروپانە و فەرهەنگیان.
لە هەرێمی کوردستان چەند گروپی ئاینی هەیە؟
جگە لە موسڵمان چەند گروپیتری ئاینی هەیە وەک ئێزیدی، یارسان یا کاکەیی – شەبەک – سریان کە مەسیحین – سائیبە کە لەگەڵ پەیدابوونی داعش لە باشووری ئێراقەوە هاتوون بۆ هەرێـمی کوردستان و ئێستا لە ئەوقاف نوێنەریان هەیە. ژمارەیەک جولەکە هەن کە ساڵانی ١٩٤٠ – ٥٠ ژمارەیەکیان چوون بۆ ئیسراییل و ژمارەیەک ماون کە نوێنەریان لە وەزاڕەتی ئەوقاف هەیە. ئەرمەنیشی تێدایە، جگە لە موسڵمان زۆرینە ئێزیدی و مەسیحیەکانن. وەک جیاوازی کوردی فەیلیش هەیە کە جیاوازن، شیعەن. یەکەم گروپی ئیتنیکییە فەیلییەکانن کە بەدەستی ڕژێمی بەعس ئەنفال و جینوساید کراون، بۆ نمونە ١٠هەزار گەنجیان ئیعدام و بێسەروشوێن کران، نزیک ٩هەزاریان لێ ئاوارەی کوردستانی ئێران کران کە بڵاون لە نێوان هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق و بەغدا و ئێران و زۆریشیان چوون بۆ ئەوروپا.
لە سەردەمی ئەنفال کوردی هەرێم ئاوارە بوو لە تورکیا پێشوازیان لێ نەکرا، بەڵام لە ئێران جێگەیان بۆ کرایەوە، پێمان خۆشە لەسەر ئەم بابەتە بدوێن؟
ڕاستییەک هەیە گەلی ئێران و حکومەتی ئێرانیش زۆر هاوکاری خەڵکی کوردیان لە عێراق کردووە، بە تایبەتی لەسەردەمی شەڕی داسەپاوی ئێران کە خەڵکێکی زۆر ئاوارەی ئێران بوون، هەروەها خەڵکی کوردستان کە ئەنفال و ژنوسایدی بەسەردا هات، کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانیتر کە زۆر کەس شەهید و بریندار بوون، حکومەتی ئێران هاوکاری ئەو کوردانەی کرد، دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین و سوپاسی گەلی ئێران و حکومەتەکەی دەکەین.
ئایا داعش هەمان ئەو کارەی سەدام دەکات؟
داعش تا ڕادەیەک هەمان ئایدۆلۆژیای بەعسە، بەڵام داعش تەواوکەری ئەم ئایدۆلۆژیایە، بەڵام ئەمجارە بە ناوی ئیسلامی نەک بە ناوی ئایدۆلۆژیای عەڕەبی فاشیستی. داعش هەمان سەرکردە بەعسیەکانن کە دوای ڕووخانی سەدام ڕایانکرد، ئێستا دیسان هاتوون بە ناوی ئیسلامی سوننی و جیهاد دژمنایەتی خەڵک و گەلانی کوردستان و عێراق دەکەن، لەوێ شیعەکان دەکووژن، کوردی موسڵمان دەکوژن، ئیزیدی دەکوژن. ئەوانە پیاوکوژ و تیرۆریستی بەکرێگیراوی وڵاتانی هەرێمین. وڵاتانی دەورووبەری خەلیج هاوکاری و پارەیان بۆ دابین دەکەن. ئەوان دژایەتی ئەو ئەزموونەی کە لە عێراق و کوردستان هەیە دەکەن. زۆر بەداخەوە تاوانی گەورەیان ئەنجام دا، نمونە لە شەنگال پیاوەکانیان کوشت، دەستگێری بۆ سەر ژنان کرد و کڕین و فڕۆشتنیان پێوە کردن و ئێستاش دیلن.
بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆفی نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژی دژی بە ژنان دەچێتە خانەی ژینۆسایدەوە. ئێستاش خەڵکی زۆری ناوچەکانی شەنگال ئاوارەن، دەربەدەرن، ماڵوێرانن، لە جێی خۆیان نەماون، کەسوکاریان بێسەروشوێنە، پیاویان کوژراون و تا ئێستا ژن و کچیان لەژێر دەستی داعش دان و وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەردەوام دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.
کێ یارمەتی داعش دەکات؟
بە ڕای من دوو سێ لایەن هاوکاری هەندێ وڵاتانی عەڕەب وەک عەرەبستان، قەتەر و ئیماڕات کە گوزارشت لە ئیسلامی سوننە دەکەن. دووەم دەسەڵاتدارانی تورکیا کە خودی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خۆیان باس دەکەن. خزمەتگوزاری نەخۆشخانە، فڕۆکەخانەیان بۆ دابین دەکەن، تەنانەت کەمپی تایبەتی داعشەکانیان لەناو خاکی تورکیا کردۆتەوە. نەخۆشخانەکەیان پڕن لە برینداری داعش لەناو خودی تورکیا داعش جبەخانەی هەیە کە بە پارە و پووڵی وڵاتانی کەنداو و کۆنە بەعسیەکان کڕاون.
ئێران دەتوانی چی بکات لەو کاتەدا؟
ڕاستیەکەی ئێران ئەو کاتەی کە داعش ویستی هەولێر داگیر بکات و بێتە ناو باشووری کوردستان داعش هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، ئەوە حاشاهەڵنەگرە هاوکاری کرد. دوژمنی هاوبەشمان هەیە، ئەو مەترسیەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە لەسەر کۆماری ئیسلامیش هەیە. داعش دژی گەلانی ناوچەکەیە، ئەوان دەیانەوێت سەقامگیری ئەو ناوچەیە تێک بدەن، ئارامی لە خەڵک ببڕن. هەڵبەت لەژێر پەردەی داعش هەندێ ئامانجی ئابووریش هەیە، بابەتەکە تەنها لشکرکێشی و کوشتن و وێرانکردن نییە، ئەو وڵاتانە ئامانجی ئابووریان هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چاڵە نەوتیەکانی بۆ نمونە کەرکوک، موسڵ و ئەوەی لە کوردستان هەیە و هەروەها لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێستای بەغدا کە بە زۆرینەی دەنگی عێراق هەڵبژێراوە.
داوات لە ئێران چییە؟
لە ڕاستیدا ئێمە داواکاریمان لە ئێران ئەوەیە زیاتر سنوورەکانی لەبەر دەم خەڵکی عێراق تایبەت کوردستان بکاتەوە، پێوەندی فەرهەنگی زانستی و زانکۆکان فراون بێت. ئاسانکاری بۆ خوێندنی خوێندکاران لە ئێران هەبێت، لەباتی دەچنە وڵاتانی دوور و تورکیا با لە ئێران بخوێنن کە نزیکایەتی فەرهەنگیمان هەیە. ئێمە لە ڕووی فەرهەنگەوە لە ڕووی دابونەریتەوە لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە ئەوەندەی لە ئێران نزیکە لە تورکیا و عەڕەبستان نزیک نییە. ئەوە حەقیقەتێکە کە دەبێت بیزانین، نزیکایەتیەکی فەرهەنگی و مێژووییمان هەیە، بە درێژایی مێژوو کورد و فارس لەناو ئێرانێکی گەورەدا بوون، دیسان بەشێک کورد ئەوە هەر لە ئێران دانەبڕاون، بۆیە پێمان باشە پێوەندی ئابووری هەبێ کۆمپانیا هەبێ، وەبەرهێنان هەبێ. ئێران زیاتر بایەخ بە زمانی کوردی بدات و خوێندنی کوردی هەبێت، هەمان هاوڵاتیەکی فارس کە مافی هەیە، و ئازەریش کە هەیەتی، دەبێت کوردیش کە نزیکایەتی فەرهەنگی لەگەڵ فارس هەیە بە تەواوی هەیبێ بۆ ئەوەی کیشە دروست نەبێت و هەموو هاوڵاتی ئێرانی وەک یەک مافیان هەبێ.
چی بکرێ ئەم دوو وڵاتە زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە لە ڕووی فەرهەنگەوە؟
لە ڕاستیدا هاتنی شاندێکی کلتووری و میدیایی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، دەرفەتێکی باشە ئەو پەیامەی کە هەمانە بۆ لە هەرێمەوە بە دەوڵەت و خەڵکی ئێرانی بگەیەنین. دووەم ئێمە بتوانین پردێک دروست بکەین لە نیوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئێران تا لە ئێستا و داهاتوودا کاری هاوبەش بکەین لە بوارەکانی فەرهەنگ، میدیا، ئاکادیمیا و زمانناسی و ئەو بوارانەی کە بەیەکترمان دەبەستێتەوە. هەڵبەت دەبێت شاخەی سیاسی و ئابووریش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەبێت، بەڵام ئێمە کە بە فەرهەنگ و کاری میدیایەوە خەریکین، دەبێت ئێمە لەو بوارەدا زیاتر کار بکەین.
لە کۆتاییدا دەتانەوێ چی بکەن؟
هیوادارم هەفتەنامەی جامی کوردی تیراژەکەی زیاتر بێت، بگاتە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لاپەڕەکانی زیاتر بێت، جیا لە هەواڵ زیاتر بایەخ بە کلتوور و زمانی کوردی بدات بە تایبەتی لە ناوچەکوردنشینەکان، وەک دەزانرێت کە کۆمەڵێک شێوەزاری تێدایە کرمانجی باکوور و کرمانجی باشوور، زاراوەکانی کەلهور ی، لەکی، فەیلی، هەورامی و داب و نەریتی تایبەت هەیە، گەر ئەوانە بخەڕوو، ئەوە کارێکی باش دەکەن.