فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له‌دایکبووی ساڵی 1327ی شاری جوانڕۆی سه‌ر به پارێزگای کرماشان و له خێڵی ڕۆسه‌م به‌گ بووه که له ساڵی 1968ی زایینییه‌وه پێوه‌ندی به شۆڕشی مه‌لا مسته‌فای بارزانییه‌وه کردووه. ناوبراو پاشان به هۆی سه‌رکه‌وتن و لێزانیی چه‌کداری له نێوان کوردانی عێراقدا وه‌ک “پیاوی ساته‌وه‌خته سه‌خته‌کان” ناوبانگی ده‌رکرد.
فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی، یه‌ک له فه‌رمانده باڵاکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی عێراق و ته‌نیا کوردی ئێرانی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، شه‌وی سێهه‌می خه‌رمانان له ڕووداوێک‌دا و له یه‌ک له به‌ره‌کانی شه‌ڕی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و داعش له ناوچه‌ی خازر له‌گه‌ڵ یه‌ک له پارێزه‌رانی خۆی گیانیان له ده‌ست دا. ئه‌م وتاره به هۆی ڕێزلێنانی 50 ساڵ خه‌بات و شۆڕشگیڕێ ئه‌م کهڵهکورده ئێرانییه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عس و پاشان گرووپه توندڕه‌وه‌کانی وه‌ک داعش ئاراسته کراوه:
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ ڕابردوو…
یه‌که‌مین وێنه‌یه‌ک که بیرم ده‌که‌وێته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵیم، ئه‌و کاته‌ی له کرماشان نیشته‌جێ بوو و پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستانی عێراق، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و خزمه‌کانی دیکه‌مان ڕۆشتبووینه ماڵیان. پاشان هه‌ر کات ناوی له ڕادیۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌بیسرا، باوه‌گه‌وره‌م و یه‌ک له خاڵه‌کانم که پێوه‌ندییه‌کی نزیکتر و بیره‌وه‌ری زیاتریان لێی هه‌بوو یادێک له شۆڕش و بیروبۆچوونه‌کانی ده‌کرا.
به‌ڵام دواجار له هه‌ڵه‌بجه بینیم، له ڕێوڕه‌سمی ڕێزلێنانی شه‌هیدانی بوردمانی کیمیاوی هه‌ڵه‌بجه و 25 ساڵ پاش ئه‌و کاره‌ساته. قه‌ره‌باڵغی زۆر بوو و چاوپێکه‌وتن و دیدارم له‌گه‌ڵ کاک فه‌ره‌یدوون ته‌نیا هه‌واڵپرسینێکی کورت بوو به‌ڵام ئه‌مه دواوێنهی من له به‌ڕێزیان نه‌بوو. فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی به هۆی پۆستی سیاسی و پاشانیش به هۆی توانای سه‌ربازی له‌به‌ره‌کانی شه‌ڕی پێشمه‌رگه به‌رامبه‌ر به داعش، جار و بار له نێو میدیا کوردییه‌کاندا ده‌رده‌که‌وت و هه‌واڵ و هه‌ڵوێسته‌کانی جارجار له میدیاکان و یان له زمانی خزمهکانمانهوه ده‌بیسرا.
کاک فه‌ره‌یدوون له نێو خێڵهکهماندا به‌شێوه‌ی تایبه‌ت و له نێو خه‌ڵکی هه‌ورامان و جوانڕۆ به گشتی پڕشانازیترین پیاو بووه و بێ گومان ئه‌م شانازیکردنه بۆ ناوبانگی بنه‌ماڵه‌یی و … ناگه‌ڕێته‌وه به‌ڵکوو کارنامه‌ی 50 ساڵه‌ی شۆڕش و خه‌بات و هه‌وڵ و تێکۆشان بۆ باشترکردنه‌وه‌ی بارودۆخی کوردانی عێراق هۆکاری ناوبانگی ئه‌م کهڵهپیاوهیه.
به‌ڵام دوایین هه‌واڵ و تاڵترین هه‌واڵێک که له ناوبراو بیسرا، دوێنێ شه‌و بوو، ئه‌و کاته‌ی خه‌ریکی نووسینی وتارێک سه‌باره‌ت به تاوتوێکردنی شیفت پارادایمی له پێوه‌ندی ئێران و کوردانی عێراق له باری هزرییه‌وه بووم و زۆر شه‌که‌ت و ماندووی کردووم، له‌ناکاو کورتهنامهیهکم له لایه‌ن دۆستێکه‌وه بۆ هات، فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له فه‌رمانده باڵاکانی هێزی پێشمه‌رگه له میانه‌ی ڕووداوێک‌دا گیانی له ده‌ست داوه، هه‌واڵێک که هێشتا کاریگه‌ری له‌سه‌رم ماوه‌ته‌وه و پاش چه‌ندین کاتژمێر هێشتا خه‌و نه‌هاتۆته چاوی ته‌ڕم.
چلۆنایه‌تی ڕووداوه‌که
ڕووداوه‌که کاتژمێر 12:30 نیوه‌شه‌وی سێ شه‌ممه سێی خه‌رمانان، نزیکی هه‌ولێر و به‌هۆی پێکدادانی دوو سه‌یاره‌ی سه‌ربازی بووه. به‌پێی قسه‌کانی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی هاتوچۆ ئه‌م ڕووداوه ته‌نیا ڕووداوێکی هاتوچۆ بووه به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ندێ له شایه‌تحاڵه‌کان ده‌ڵێن له‌ناوچه‌ی نزیک به ڕووداوه‌که ته‌قه‌ی قورس کراوه. هێشتا به فه‌رمی هۆکاری ڕوونی ڕووداوه‌که ڕانه‌گه‌یێندراوه. شیاوی باسه ڕێوڕ‌سمی به‌ڕێکردن و ناشتنی ته‌رمی که‌ڵه‌پیاوی جوانڕۆیی به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی و و ڕێبه‌رانی سیاسی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕۆژی سێ شه‌ممه له ناوچه‌ی پیرمامی هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
جێگه و پێگه‌ی فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی
به‌پێی پێشینه‌ی دوور و درێژی خه‌باتگێڕی فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی، به شێوه‌ی ئاسایی له کاتی قه‌یرانه جۆراوجۆره ئه‌منییه‌کاندا، هه‌ستیارترین پۆست و گرنگترین ناوچه‌کان ده‌درانه ده‌ستی، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه له کاتی هێرشی داعش بۆ ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆڵی فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له پارتیدا و به‌گشتی له هه‌رێمی کوردستان ئاستێکی به‌رزتری به‌خۆوه بینی و هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا پۆستی فه‌رمانده‌ی باڵای ناوچه‌ی خازری پێ سپێردرا و له‌و کاته‌یدا که هاوینی ڕابردوو داعش هاته 42 کیلۆمه‌تری شاری هه‌ولێر و ناوچه‌ی مه‌خموور به‌رپرسایه‌تی سه‌ره‌کی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و پاراستنی ده‌روازه‌کانی پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆک بارزانییه‌وه سپێردرایه کاک فه‌ره‌یدوون، هێرشێک که له ئه‌نجامدا به به‌رخۆدانی پێشمه‌رگه کورده‌کان، پشتیوانییه‌کانی ئێران و هه‌روه‌ها هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان شکستی هێنا.
له‌و سه‌رده‌مه‌یدا که شێوازی شه‌ڕی پێشمه‌رگه دژ به داعش له ناوچه‌کانی زومار و شه‌نگال ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌کرا فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له پرێس کۆنفرانسێکدا وێڕای ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌ندێ له پێشمه‌رگه کورده‌کان وتبووی: خه‌ڵکی کوردستانی عێڕاق ده‌بێ به‌هێزتر و وشیارتر بن. نابێ به ته‌قه‌ی چه‌ند فیشه‌ک خه‌ڵک هه‌ڵێن و ماڵ و ماوایان به جێ بێڵن… ئێمه ده‌بێ له‌بیرمان بێت که پێشتریش له لایه‌ن هێزی گه‌وره‌تر و به‌هێزتر هێرشمان کراوه‌ته سه‌ر، تۆپباران کراوین، بوردمانی کیمیاوی کراوین، له ئاسمان و زه‌وینه‌وه هێرشیان کردۆته سه‌رمان، به‌ڵام قه‌ت خاک و ئاوی خۆمانمان به‌جێ نه‌هێشتووه. ئێستایش ده‌بێ وه‌ک ڕابردوو بین و هه‌ین. چونکه ئه‌م داعشه له‌به‌رامبه‌ر هێزی به‌عس هیچ نییه و ته‌نیا چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنی چکۆله‌یان له ناوچه کوردنشینه‌کان ئه‌نجام داوه نابێ ته‌نیا ساتێک بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئه‌وان ده‌توانن بێنه نێو خاکی کوردستان و داگیری بکه‌ن چونکه ئێمه کۆنه پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ره گه‌نجه‌کانمان تا مردن خاکی پاکی کوردستان ده‌پارێزن.
لهپێشمهرگایهتییهوه بۆ سیاسه‌ت
فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له‌دایکبووی ساڵی 1327ی شاری جوانڕۆی سه‌ر به پارێزگای کرماشان و له خێڵی ڕۆسه‌م به‌گ بووه که له ساڵی 1968ی زایینییه‌وه پێوه‌ندی به شۆڕشی مه‌لا مسته‌فای بارزانییه‌وه کردووه و له شۆڕشه‌کانی 2ی گوڵان و ئه‌یلوولدا به‌شدار بووه. دلێری ئه‌م که‌ڵه‌پیاوه له شه‌ڕی خواکورک ناوی کاک فه‌ره‌یدوونی زۆرتر له پێش به‌رز کرده‌وه و پاشان به‌هۆی سه‌رکه‌وتن و توانای سه‌ربازی له نێوان کوردانی عێراقدا وه‌ک پیاوی ساته‌وه‌خته سه‌خته‌کان ناوبانگی ده‌رکرد. ناوبراو هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه وه‌ک ئه‌ندامی پارتی بووه و پاشان له ده‌یه‌ی 1980 و له میانه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق به‌پێی هاوپهیمانبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، له ڕیزه‌کانی شه‌ڕ له‌دژی به‌عس هه‌میشه ئاماده‌بوونی هه‌بووه. له پێشینه سه‌ربازییه‌کانیدا ده‌کرێ ئاماژه بده‌ینه فه‌رمانده‌یی سوپاکانی ڕزگاری و زرێبانی. پاشان له ده‌یه‌ی 1990دا که باکووری عێراق به هۆی به‌ندی 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ک ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی ئاسمانی ڕاگه‌یاندرا هاته نێو پێکهاته‌ی سیاسی و به‌هۆی دلێر و لێزانی سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی خێرا پله‌کانی پێشکه‌وتنی تێپه‌ڕاند. وه‌ک به‌رپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان له هه‌ڵه‌بجه ده‌رکه‌وت و پاشان هه‌ر ئه‌م پۆسته‌ی له خانه‌قین، که‌رکووک وسلێمانیش پێی سپێردرا.
ساڵی 1988 ئه‌گه‌رچی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی بوو، توانی له کۆنگره‌ی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بێته نێو کومیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکرات و له کۆنگره‌ی دواتردا وه‌ک ئه‌ندامی کومیته‌ی سیاسی ده‌رکه‌وت. ساڵی 2003 هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌مریکا بۆ عێراق، ناوبراو یه‌ک له کاریگه‌رترین فه‌رمانده‌کانی هێزی پێشمه‌رگه له ناوچه کوردنشینه‌کاندا بوو.
فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی له درێژه‌ی خه‌باته دوور و درێژه‌که‌ی خۆیدا لانی که‌م چوار جار بریندار بووه. ناوبراو هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌بووه. ئه‌مه‌ش له ئاماده‌بوونی بارزانی له کاتی ناشتنی کاک فه‌ره‌یدوون و پێشکه‌شکردنی وتاره‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی به‌ئاشکرا دیاره، سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی کردۆته‌وه: بۆ من کاک فه‌ره‌یدوون وه‌ک برا و دۆستێکی زۆر به‌ڕێز و به‌نرخ بوو… و شه‌هیدبوونی خه‌سارێکی زۆر گه‌وره بۆ خه‌ڵک و پارتی دیموکراتی کوردستان دێته ئه‌ژمار…
ئاوابوونی خۆری دوایین پاشماوه‌ی نه‌وه‌ی زێڕینی شۆڕشگێڕه جۆانڕۆییهکان
له‌ناوچه‌ی هه‌ورامان و به‌تایبه‌ت شاری جوانڕۆ فه‌ره‌یدوون جوانڕۆیی وه‌ک دوایین که‌س له نه‌وه‌ی زێڕینی شۆڕشگێڕانی جوانڕۆ ده‌ناسرێت، ئه‌و نه‌وه‌ی که له بواره سیاسییه‌کاندا ئاماده‌بوونی چڕ‌وپڕ و کاریگه‌ریان هه‌بووه. خێڵی ڕۆسه‌م به‌گ که به‌شێک له عێلی جاف دێنه ئه‌ژمار به ڕێبه‌رایه‌تی وه‌کیڵی جوانڕۆ له سه‌رده‌مه‌کانی پێشووتردا له خه‌باته‌کانی سه‌ردمی مه‌شرووته‌ی ئێران له دژی قاجاڕدا و له‌گه‌ڵ که‌سانێکی به‌ناوبانگی وه‌ک یارمحهمهدخانی کرماشانی ئاماده‌بوونی چالاکانه‌یان هه‌بوو. پاشان له‌سه‌رده‌می پاڵه‌ویدا، له دژی سیاسه‌ته‌کانی ڕه‌زاشا ناڕه‌زایه‌تی خۆیانیان ده‌ربڕی و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی چه‌ندین شه‌ڕ و پێکدادان و به‌ندکرانی ئه‌و که‌ڵه‌پیاوانه له به‌ندیخانه‌کان، که‌سانێک وه‌ک ئاغا عه‌نایه‌تی جوانڕۆیی که سه‌رده‌می به‌ندیخانه‌ی به هۆنینه‌وه‌ی شیعری سیاسی و … به زمانه‌کانی فارسی و کوردی تپێهڕاند.
باوه‌گه‌وره‌ی ناوبراو واته عه‌بدوڕه‌حمان به‌گی وه‌کیڵ له به‌ندکراوه‌کانی به‌ناوبانگی دیکه بوو که ساڵی 1318ی هه‌تاوی به جۆرێکی گوماناوی له به‌ندیخانه‌ی قه‌سردا کوژرا و به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان له‌لایه‌ن پزیشک ئه‌حمه‌دییه‌وه و به ئابدۆزهکی هه‌وا کوژراوه. باوکی واته محه‌مه‌د به‌گی وهکیڵیش له به‌ندکراوانی دیکه‌ی سیاسی له ساڵه‌کانی 1310 تا 1320ی خه‌رمانان بووه و پاش ئازادی له به‌ندیخانه له‌دژی ئینگلیزییه‌کان و ده‌ستێوه‌ردانیان له ئێران وه‌ستا و یه‌ک له پشتیوانانی نهتهوهییبوونی پیشه‌ی نه‌وت و ده‌وڵه‌تی دوکتۆر محه‌مه‌دی موسه‌دیق بوو.
له کۆتایی ده‌یه‌ی 1960ی زایینی و به تایبه‌ت سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی 70 و له میانه‌ی شۆڕشی کوردانی عێراق له دژی به‌عس، ژماره‌یه‌کی زۆر له شارومه‌ندانی کوردی ئێرانی له ناوچه‌ی جوانڕۆ به سه‌رۆکایه‌تی حوسێن به‌گی وه‌کیڵ یارمه‌تی کوردانی کوردستانی عێراقیان دا. فه‌ره‌یدوون جوانڕۆییش هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا و ئه‌و کاته‌ی که ته‌مه‌نی ته‌نیا 17 ساڵ بوو له‌گه‌ڵ مامی واته حوسێن وه‌کیلی ڕۆشته باکووری عێراق و هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه تا ئێستا وه‌ک یه‌ک له به‌وه‌فاترین که‌سان به کوردانی عێراق و به‌تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان و بنه‌ماڵه‌ی بارزنای بووه و چالاکی سیاسی و سه‌ربازی خۆی له هه‌رێمی کوردستانی عێراق درێژه پێداوه و له ئه‌نجامیشدا گیانی پاکی له کاتی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕ پێشکه‌ش کرد و هه‌ر له هه‌رێمی کوردستانیش نێژرا.
سه‌رچاوه: ئیرنا