نووسه‌ر: جه‌هاد الخازن
تورکیا له‌مڕۆدا بووه‌ته گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان تورک و کورد، ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌که که له تورکیا ڕوو ده‌دات و هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه به ده‌ر له‌مه، خۆدزینه‌وه‌یه له ڕاستییه‌کان.
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ و له پشتیشیه‌وه ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا و پارتی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی مه‌هه‌په که له پێکهێنانی حکومه‌تدا له گه‌ڵ یه‌ک ڕێکنه‌که‌وتن، سه‌باره‌ت به شه‌ڕ دژ به کوردان له یه‌ک به‌ره‌دان. هێرش کرایه سه‌ر سه‌دان نووسینگه‌ی سیاسی و بازرگانی و بنکه و باره‌گای پارتی دیمۆکراتیکی گه‌لان و ئه‌ندامه‌کانیان، بیناکان یان ڕۆخێنران یان له ئاگردا سوتێندران.
له ماوه‌ی شه‌ڕی سی ساڵه‌ی حکومه‌تی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان نزیک له 40 هه‌زار که‌س کوژراون، سوریا عه‌بدوڵا ئۆجالانی سکرتێری گشتی ئه‌و حیزبه‌ی ڕاده‌ستی تورکیا کرد که له ئێستاشدا له گرتووخانه‌یه. کاتێک که بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ دۆخه‌که ئارام بوو، هه‌ندێک هیوامان به داهاتوو هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م هاوینه‌ی ئه‌مساڵ کۆتایی به‌و هیوادارییهمان هێنرا، کاتێک که سه‌رۆک کۆمار ئه‌ردۆغان وتی ئه‌سته‌مه ڕه‌وتی ئاشتی له گه‌ڵ کوردان به‌رده‌وامی هه‌بێت.
بیانووی ئه‌ردۆغان بۆ کۆتایی ئاگربه‌سته‌که‌ی له گه‌ڵ په‌که‌که بێ بنه‌مایه، له ڕاستیدا سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی هه‌ده‌په خه‌ونه‌کانی ئه‌ردۆغانی بۆ ده‌ست به سه‌رداگرتنی پارله‌مان شڵه‌ژاند، ئه‌مه‌ش ناوبراوی له سه‌ر دوو ڕێیانی هاوکاری له گه‌ڵ کوردان یان شه‌ڕێکی دژوار له گه‌ڵ ئه‌واندا هێشته‌وه، له ئێستادا سه‌رۆک کۆمار و گرووپه‌که‌ی به ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته هیوایان به‌وه هه‌یه که بتوانن قه‌ره‌بووی شکسته‌که‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ساڵی 2002 زۆرینه‌ی کورسییه‌کانی پارله‌مانیان بۆ پارته‌که‌یان مسۆگه‌ر کرد.
پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و کاته‌ی که بینی سه‌رکه‌وتنی ده‌سته‌به‌ر ناکرێت، خاڵی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ کوردان هه‌ڵبژارد تا کۆتایی به کوردان بێنێت، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په به تۆمه‌تی سوکایه‌تی به تورکیا و سه‌رۆک کۆماره‌که‌ی مه‌ترسی دادگایی کردنی له سه‌ره و له ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پیلانه به 19 ساڵ به‌ند کردن سزا ده‌درێت.
کوردان یه‌ک له سه‌ر پێنجی حه‌شیمه‌تی تورکیا پێک دێنن، واته نزیک له 15 ملیۆن که‌س له حه‌شیمه‌تی 77 ملیۆن که‌سی ئه‌و وڵاته. پارتی کرێکارانی کوردستان داوای له گه‌نجان کردووه که چه‌ک هه‌ڵنه‌گرن، به‌ڵام ئه‌وان له دژی حکومه‌ت شه‌ڕ ده‌که‌ن.
له کاردانه‌وه‌یه‌کی خێرادا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی کوده‌تا، ژماره‌یه‌ک له پله‌دارانی سوپای وڵاته‌که‌ی ده‌سته‌به‌سه‌ر و پاشان ڕه‌وانه‌ی دادگاکان کرد و سزای قورسیان به سه‌ردا سه‌پا، له ئێستادا هه‌ندێک له‌و پله‌دارانه‌ی سوپا له دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه به تاوانبار نه‌ناسران و ئه‌ردۆغانیش پیرۆزبایی ئازادبوونیانی لێکرد.
ئه‌مه‌ش چۆن ڕووی داوه؟ ئه‌ردۆغان له شه‌ڕی دژ به کوردان پێویستی به سوپا هه‌یه، له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه، هێزه ئه‌منییه‌کان ڕایانگه‌یاندووه که ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان کوشتووه، ڕێژه‌یه‌کی که‌میش له هێزه‌کانی خۆیان له لایه‌ن گه‌ریلاکانی ئه‌و پارته‌وه کوژراون.
پێم وایه که سوپا شه‌ڕی ئه‌ردۆغانی دژ به خۆی له بیر ماوه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که له دوای ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێت به‌ره‌و ئه‌نجامدانی کوده‌تا دژ به ناوبراو. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هه‌ر دوولا خۆیان له هه‌ل و مه‌رجێکی دژوار‌دا ده‌بینن. ده‌میرتاش له نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و ئه‌ردۆغان ماوه‌ته‌وه، په‌که‌که نایه‌وێت سه‌رکردایه‌تی کوردانی تورکیا ڕاده‌ستی ده‌میرتاشی گه‌نج بکات و سه‌رۆک کۆماریش ده‌یه‌وێت هه‌ده‌په هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوو زۆرینه‌ی پارله‌مانیان له ده‌ستی ده‌رهێنا و به چه‌شنێک مایه‌پوچیان کردووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌ردۆغان هاوکات کێشه‌ی گرووپێکی به‌هێزی دیکه‌ی به ناوی لایه‌نگرانی فه‌تحوڵا گویله‌ن هه‌یه، ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ی ڕابردوو که له ئه‌مریکا نیشته‌جێ و لایه‌نگرێکی زۆری له ناوخۆی تورکیا هه‌یه. ئه‌ردۆغان ساڵی ڕابردوو لایه‌نگرانی گویله‌نی به پیلانداڕێژی دژ به سوپا تۆمه‌تبار کرد، تۆمه‌تێکی بێ بنه‌ما که ده‌رکه‌وت، هۆکاره‌که‌ی ته‌نیا به ئامانجی مانه‌وه‌ی سوپا له گه‌ڵ ناوبراو بووه.
سوڵتان ئه‌ردۆغان یاری به ئاگر ده‌کات، هه‌وڵه‌کانی ناوبراو به ئامانجی یه‌کگرتن له گه‌ڵ سوپا دژ به نه‌یارانی، ده‌ره‌نجامێکی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت و به‌رۆکی خۆی و پارته‌که‌ی ده‌گرێته‌وه، فه‌رمانده‌کانی سوپا بیر له‌و ڕۆژه‌ی ده‌که‌نه‌وه که جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات داگیر بکه‌نه‌وه، تا بتوانن ده‌سه‌ڵاتی ئائینی له‌و وڵاته‌دا بڕووخێنن و لائیسیتهی ئاتاتۆرک سه‌ر له نوێ زیندوو بکه‌نه‌وه.
ته‌نانه‌ت سوریا له به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌کانی ئه‌ردۆغان خۆی به ده‌سته‌وه نه‌داوه، سنوره‌کان هێشتا ئاوه‌ڵایه و تیرۆریسته‌کان و ژنان و منداڵان له‌و سنورانه‌دا هاتووچۆ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش به بێ بڕیاری تورکیا ئه‌سته‌مه که ڕوو بدات، ئه‌ڵبه‌ت به نهێنی و به چاوپۆشی له‌وه‌ی که ڕوو ده‌دات.
به‌م هه‌موو ڕووداو و بارودۆخه‌ی ئێستاوه، من وه‌ک که‌سێکی عه‌ره‌ب پشتیوانی له کوردان له عێراق، سوریا و تورکیا ده‌که‌م و دان به‌وه‌دا ده‌نێم که له ڕابردوو و ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ڕووبه‌ڕووی زوڵم و چه‌وسانه‌وه بوونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: الحیات
وه‌رگێڕان: ئیدریس سلێمانی
سه‌باره‌ت به نووسه‌ر:
جه‌هاد الخازن ڕۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی فه‌ڵه‌ستینی، ئه‌و که‌سه‌یه که بابه‌ته‌کانی چه‌ندین جار هه‌رای زۆری ناوه‌ته‌وه، بۆ جارێک قه‌زافی دیکتاتۆری پێشووی لیبیا هه‌وڵی تیرۆرکردنی ناوبراوی دا. سه‌رۆکی نووسینه‌گه‌ی هه‌واڵده‌ری ڕۆیته‌رز له به‌یروت، سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی ستار له به‌یروت، ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌ب نیوز له جه‌ده، ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط و ئه‌لحه‌یات له له‌نده‌ن پێشینه‌ی چالاکی ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسه‌ن. ناوبراو هه‌روه‌ها له ئه‌نجومه‌نی ئیداری هزری عه‌ره‌بی، گرووپی ڕاوێژکارانی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی له زانکۆی جۆرج تاون و ئه‌نجومه‌نی بانکی نێوده‌وڵه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا ئه‌ندامه.