هاوکات له گه‌ڵ سه‌ردانه‌که‌ی وه‌فدی بازرگانی فه‌رانسه بۆ ئێران، نووسینگه‌ی بازرگانی ئه‌و وڵاته سه‌ر له نوێ له تاران چالاک ده‌کرێته‌وه.
به پێی هه‌واڵی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ڕۆیته‌رز، ئه‌م نووسینگه‌یه ڕۆژی سێ شه‌ممه سه‌ر له نوێ به فه‌رمی ده‌کرێته‌وه.
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه له درێژه‌ی سه‌ردانی وه‌فده بازرگانییه‌کان پاش ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی، وه‌فدێکی فه‌ره‌نسی که پێکهاتووه له سه‌د کۆمپانیا و دوو وه‌زیری ئه‌و وڵاته گه‌یشتنه تارانی پایته‌ختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و وه‌فده له ئه‌ستۆی هه‌ر یه‌ک له “ستفان لۆ فول” وه‌زیری کشتووکاڵ و “ماتیاس فهکڵ” وه‌زیری ڕاوێژکار له بازرگانی ده‌ره‌کییه.
له نێو کۆمپانیاکانی فه‌ره‌نسی، نوێنه‌ری کۆمپانیای توتاڵ، کۆمپانیای ئۆتۆمبێل سازی پیژۆ و کۆمپانیای فڕۆکه سازی ئێرباس له تارانن. وه‌فده‌که له لایه‌ن ڕێکخراوێکی لۆبی بازرگانی به ناوی “مدف” گه‌یشتوونه‌ته تاران.
فه‌رانسه له ساڵه‌کانی ڕابردوو و له ژێر کاریگه‌ری گه‌مارۆ و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ئاستی په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانی له گه‌ڵ تاران دابه‌زاندووه. هاورده‌ی فه‌رانسه له ئێران له ساڵی 2013 گه‌یشته 66 ملیۆن دۆلار، له کاتێکدا که ئه‌م ڕێژه‌یه پێش گه‌مارۆکان زیاتر له یه‌ک ملیار و 770 ملیۆن دۆلار بووه. هه‌نارده‌کردنی پاریس له‌م ماوه‌دا له یه‌ک ملیار و 660 ملیۆن دۆلار بۆ 494 ملیۆن دۆلار دابه‌زیوه.