سه‌ید موزه‌فه‌ر حه‌سه‌ن خدر به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ساداتی پیرخدری شاوه‌یه که مه‌ڵبه‌ندێکی سه‌ربه‌خۆ له هه‌رێمی کوردستانه و تا ئێستا کۆمه‌ڵێکی زۆر کار و چالاکییان له بواره‌کانی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌نجام داوه. هه‌لێک ڕه‌خسا و توانیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان کورته وتووێژێکمان هه‌بێت و له ژێره‌وه ده‌قی وتووێژه‌که ده‌خوێننه‌وه.
سه‌باره‌ت به مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی پیرخدری شاوه بۆمان بڵێن؟
مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی ساداتی پیرخدری، له‌ڕاستیدا ساداتی کوردستان و ئه‌وه‌یکه تا ئێستا سه‌لمێندراوه له هه‌رێمی کوردستانی عێراق دوو بنه‌ماڵه‌ی سادات هه‌یه، یه‌که‌م بنه‌ماڵه‌ی ساداتی به‌رزنجی و دووهه‌میش بنه‌ماڵه‌ی ساداتی پیرخدری. به‌ڵام جیاوازی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه له‌وه‌دایه که هه‌ر دووکیان ده‌چنه‌وه سه‌ر دوو کۆڕ له کوڕه‌کانی ئیمام مووسای کازم که ئه‌ویش ئیسماعیلی موحه‌دیسه و له ئێران گڵکۆی هه‌یه به‌ڵام ساداتی پیرخدری باپیره‌مان ده‌چێته‌وه سه‌ر یه‌کێک له ئیمامزاده‌کان به ناوی سه‌ید محه‌مه‌د زاهید پیرخدری شاوهیی که ئه‌مه خۆی چیرۆکێکی دوور و درێژه و به کورتی بڵێم ئه‌م که‌سه پیرۆزه کاتی خۆی له مه‌دینه‌وه هاتۆته به‌غدا و له خزمه‌تی عه‌لامه‌ی گه‌وره شێخ عومه‌ری سوهره‌وه‌ردی خوێندوویه‌تی و دواتر هاتۆته ناوچه‌ی هه‌ورامانی ئێران و له‌وێ ته‌دریسی کردووه و تووشی چه‌ند تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک بووه و ده‌ره‌نجام پاکی و گه‌وره‌یی بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که ڕوون بۆته‌وه و دواتر بردوویانه‌ته مه‌ریوان و گوندی کومسار و گوندی پیرخدران که ئێستا شارۆچکه‌یه و گڵکۆی پیرۆزیشی ئێستا له‌وێیه، له‌وێ مه‌دره‌سه‌ی داناوه و ده کوڕی هه‌بووه. به‌شێکی زۆر له بنه‌ماڵه‌که دواتر له ئێران ماونه‌ته‌وه و به‌شێکی زۆریشیان هاتوونه‌ته کوردستانی عێراق. ئه‌ڵبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا شتێک به ناوی سنوور نه‌بووه به‌ڵام ئێستا که سنوورمان هه‌یه ته‌نیا له کوردستانی عێراق 118 بنه‌ماڵه‌ی ساداتی پیرخدری هه‌یه که هه‌ر یه‌که‌یان بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و تێکڕا خه‌ڵکی ساداتی پیرخدری لێره 280 بۆ 320 هه‌زار که‌س ده‌بن. ئه‌م بنه‌ماڵانه له شاره‌کانی سلێمانی که زۆرترین ساداتی پیرخدری تیایه و دهۆک و گه‌رمیان و که‌لار و ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ڵه‌بجه و شارباژێڕ و تا پێنجوێن و دوزخورماتوو نیشته‌جێن. ئێمه وه‌ک مه‌ڵبه‌نده‌که له وه‌زاره‌تی ناوخۆ مۆڵه‌تمان وه‌رگرتووه تا مه‌ڵبه‌نده‌که دروست بکه‌ین، سه‌ره‌تا ئاوه‌ها نه‌بوو، به‌کرێ گرتبوومان، دواتر چونکه ئێمه سه‌ر به‌هیچ حزبێک نین و سادات له هه‌موو حزبێکدا بوونیان هه‌یه ئێمه حیزبایه‌تی ناکه‌ین و له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه پێوه‌ندی باشمان هه‌یه. به‌ڕێز مام جه‌لال 140 هه‌زار دۆلار و به‌ڕێز کاک مه‌سعوود 100 هه‌زاردۆلاری بۆ دروستکردنی ئه‌م بینایه پێشکه‌ش کردووه و هه‌ردووکیان ده‌ستخۆشیان لێ کردووین و وتوویانه ئێوه نموونه‌ی حه‌ره‌که‌ی کوردین چونکه له هه‌موو حیزبه‌کانتان تێدایه. له‌ڕاستیدا سه‌ربه‌خۆین و حیزبایه‌تی ناکه‌ین به‌ڵام پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موویان باشه. ئه‌م بینایه که دواتر دروستمان کردووه بووه مایه‌ی ئه‌ویکه زیاتر بناسێنرێن له ئاستی هه‌رێمی کوردستان. له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ڕێکخراوه و داموده‌زگاکان پێوه‌ندی باشمان هه‌یه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئێمه مه‌سه‌له‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووره. تا ئێستا چه‌ندین کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئه‌ده‌بی و … لێره به‌ڕێوه چوونه و هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆمان بووه. هه‌موو بنه‌ماڵه‌کانی ساداتمان بهسهرکردۆته و ئه‌مه‌ش کارێکی ئاسان نییه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ش نوێنه‌ریان هه‌یه. 138 نوێنه‌رمان هه‌یه و هه‌موو مانگێ یه‌کجار لێره کۆیان ده‌که‌ینه‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌و کار و چالاکییانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونه ئاگاداریان ده‌که‌ینه‌وه.
ئێمه بنه‌ماڵه‌ی ساداتی کوردستان سه‌ربه‌خۆین و ناچینه نێو هیچ حیزبێک، گۆڤارمان هه‌یه، کتێبمان هه‌یه و … ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌م مه‌ڵبه‌نده‌دا چاره‌سه‌ر کراوه.
ئێمه ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاریمان هه‌یه که له 25 پیاو پێک هاتووه، هه‌موو مانگێک جارێ کۆ ده‌بینه‌وه و پلان و به‌رنامه‌کانمان داده‌نێین و ئێمه‌ش دواتر ده‌یانبه‌ینه قۆناغی جێبه‌جێکردنه‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مڕۆی کوردستانیش پێویسته بڵێم، خه‌ڵکی کوردستان ئه‌مڕۆ له قۆناغێکی سه‌ختدان، مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی داعش ئێستا وه‌ک مۆته‌که‌یه‌ک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕستدا هه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و ئیسراییل شوێنگری ده‌کات به‌ڵام خۆشحاڵین که کۆماری ئیسلامی ئێران به تایبه‌ت ئه‌و کاته‌ی که داعش ڕووی کرده کوردستان یه‌که‌مین وڵات بوو که پشتیوانی له‌هه‌رێمی کوردستان کرد و ئه‌وه جێی ڕێز و سوپاسی ئێمه. ئێستا ده‌رکه‌وتووه که کورد به‌هێزترین به‌ره‌نگاری داعشه و هیوادارین به‌م زووانه تێک بشکێت و داعش له‌ناوچه‌که‌دا نه‌مێنێت. جارێکی دیکه ده‌ستخۆشی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌یکه یارمه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی داوه بۆ دژایه‌تی کردنی داعش.
داوایه‌کیشم هه‌یه، ئێرانی ئه‌مڕۆ پێویستی به چاکسازی هه‌یه، کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکی زۆر گه‌وره‌یه ودهفرایهتی زۆریشی هه‌یه به‌ڵام به‌داخه‌وه جارجار ده‌بیسین که گه‌نده‌ڵی تێدایه‌و هیوادارین ئه‌م گه‌نده‌ڵییه نه‌مێنێت و ئێران وه‌ک جه‌مسه‌رێکی زۆر به‌هێزی ناوچه‌که ده‌رکه‌وێت.
له سه‌ره‌تای دروستبوونی مه‌ڵبه‌نده‌که‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه‌یه‌ک و به‌تایبه‌ت کۆماری ئیسلامی ئێران پێوه‌ندی باشمان هه‌بووه، چونکه ئێمه سه‌یدین و سه‌ید له سه‌ره‌وه‌ی مهزههبهوهیه، ئه‌گه‌رله نێو شیعه بووین خزمه‌ت به شیعه ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ریش له نێو سوننه خزمه‌ت به‌سوننه ده‌که‌ین. له ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بۆخزمه‌تی ئالی به‌یت دروست بووه و ئێمه باوه‌ڕمان له‌سه‌ر ئه‌مه‌یه. پێشه‌وای مه‌زنی کۆماری ئیسلامی له‌بنه‌ماڵه‌ی ساداتهو ئێمه‌ش هه‌روه‌ها و پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرپێوهندیمان باشه.
ده‌ستخۆشی له کونسوولخانه‌ی کۆماری ئیسلامیش ده‌که‌ین که ئێمه‌یان بانگهێشت کرد و 35 که‌سمان سه‌ردانی شوێنه پیرۆزه‌کانی ئێرانمان کرد.