بهپێی ههواڵی جام کوردی بهگێڕانهوه له کوردستانی نوێ، لەساڵانی رابردووداو لەڕێگەی جێبەجێكردنی چەند پلانێكەوە، توانر تاڕادەیەكی باش برەو بەسێكتەری گەشتیاریی لەكوردستان بدرێتو رێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانیو گەشتیاری ناوچەكانی ناوەڕاستو خوارووی عیراق بۆ ئاستێكی دڵخۆشكەر بەرزبكرێتەوە، بەڵام بەرۆك پێگرتنی شەڕی تیرۆریستانی داعشو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەكوردستان، گەورەترین كاریگەریی لەسەر ئەو كەرتە دروستكرد. بەجۆرێك ئاماژە بەوە دەكرێت كە ئێستا تادێت ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ كوردستان لەكەم بوونەوەدایە.
هاوكات سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئاماژەدان بەكاریگەرییە نێگەتیڤەكانی قەیرانی داراییو شەڕی داعش لەسەر كەرتی گەشتیاریی لەكوردستان، ئاشكرای دەكات، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 100 میوانخانە لەكوردستان داخراون».
رێژەی هاتنی گەشتیار
هێرش ئەحمەد چاوشین سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی راگەیاندووە، قەیرانی داراییو شەڕی سەپێنراوی تیرۆریستانی داعش بەسەر كوردستاندا، راستەوخو كاردانەوەیەكی زۆر خراپو نەرێنی لەسەر كەرتی گەشتوگوزار لەكوردستان هەبووە.
سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان درێژەی بەقسەكانی دەداتو دەڵێ: «بەراورد بەساڵانی پێش شەڕی داعشو قەیرانی دارایی، رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ كوردستان زۆر كەمی كردووە، ئەمەش هۆكارە بۆئەوەی بێ بازاڕیی بەزۆربەی هەرە زۆری میوانخانەو چێشتخانەكانەوە دیاربێت».
زەرەرمەندی یەكەم ئەوانن
هێرش ئەحمەد چاوشین وتیشی: «لەماوەی دوو ساڵی رابردووداو لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، زیاتر لە ١٠٠ میوانخانە داخراون لەبەر نەهاتنی گەشتیار، ئەو میوانخانانەی كە داشیاننەخستووە بەڕێژەی (80%) كاریان كەمی كردووە. هاوكات (60%)ی كارمەندانی ئەو میوانخانانەش نێردراونەتە ماڵەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بەهەزاران كەس بێكار بن».
ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كەم بوونەوەی ژمارەی هاتنی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، كەرتی گەشتیاریی بەگشتی زیان دەكات، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم لەئاستی كوردستان میوانخانەكانن.
سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانەو چێشتخانەكان داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە رێگاچارەیەك بدۆزێتەوەو پلانێكی تۆكمە دابنێت بۆ بووژاندنەوەی ئەم كەرتە، چونكە لەئێستادا ئەم كەرتە بەرەو داڕوخان دەچێت، ئەو دەڵێ: «ئەركی حكومەتی هەرێمە كە رێگە لەشكستو داڕوخانی ئەم كەرتە بگرێت، چونكە كە داڕوخا ئیتر هەستانەوەی ئەستەمە».
گەشتیارو ڤیزای گەشتیاری
ئەو وێڕای جەخت كردنەوەی لەسەر ئەوەی كە پێویستە حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆر زیاتر بدات بەناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، كە خاوەنی زۆر شوێنی دڵڕفێنو جوانو سەرنجڕاكێشە بۆ ئەوەی گەشتیاران رووی تێبكەن، لەهەمان كاتیشدا سەبارەت بەچۆنێتی دۆزینەوەی ریگەچارەیەك بو بەردەوامیی كاری میوانخانەكانو دانەخستنیان، وتی: «داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە كە گەشتیارو ئاوارە لەیەكتر جیابكاتەوە، هاتنی گەشتیار ڤیزای گەشتیاری پێبدرێت لەبازگەو فڕۆكەخانەكاندا، چونكە ئێستا وامان لێهاتووە لەبازگەكاندا گەشتیار ناتوانن بێنە ژورەوە بەهوی شەڕی داعشەوە».
وتیشی «پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن گەشتیار لەخوارووی عیراقەوە بێنە شارەكانی كوردستان، چونكە (85%)ی گەشتیاران لەخوارووی عیراقەوە دەهاتنە كوردستان».