جام کوردی:
دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران به ئاماژه به ده‌ستنیشان کردنی مه‌رزییه ئه‌فخه‌م وه‌ک یه‌که‌م باڵوێزی ژن پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتی مالیزیا، ڕایگه‌یاند که ئه‌م ڕه‌وته پیشانده‌ری توانا و لێهاتوویی ئافره‌تانه.
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ باڵوێزانی نوێی ئێران له وڵاتانی سنیگال، تایله‌ند، فیلیپین، به‌لژیکا، پاکستان، دانیمارک، یۆنان، سریلانکا و مالیزیا، ڕایگه‌یاند: ئاماده‌بوونی ژنان له بواره جیاجیاکانی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رزشی و کارگێڕی، به‌رده‌وام ئه‌رێنی و هاوڕێ له گه‌ڵ سه‌رکه‌وتن بووه و ئه‌م ده‌ستنیشان کردنه‌ش پیشان ده‌دات که له به‌رپرسایه‌تییه‌کان، ڕه‌گه‌ز به مه‌رج دانانرێت و توانا و لێهاتوویی پێویسته له به‌رچاو بگیردرێت.
سه‌قامگیری ناوچه‌که بۆ ئێران زۆر گرنگه:
ڕۆحانی ڕوونیکرده‌وه: ئێرانی ئیسلامی ستراتیژی دابین کردنی ئه‌من و سه‌قامگیری و گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌که و به‌هێزکردنی هاوده‌نگی و یه‌کێتی جیهانی ئیسلام په‌یره‌و ده‌کات.
ناوبراو به جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر پێویستی که‌ڵک وه‌رگرتنی شیاو له قۆناغی پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی وتی: پێویسته له‌م ده‌رفه‌ته به ئامانجی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی سیاسی، ئابوری و کلتوری له گه‌ڵ وڵاتانی دیکه که‌ڵک وه‌ربگرین.
سه‌رۆک کۆماری ئێران به ئاماژه به‌وه‌ی که تاران هه‌وڵی دابین کردنی سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی ناوچه‌که ده‌دات، ڕۆڵی باڵوێزه‌کانی له پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی وڵات له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که و جیهان، به گرنگ زانی و وتی: ئێستا له قۆناغێکداین که ده‌توانین به گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی سیاسی، ئابوری، زانستی و ته‌کنۆلۆژیایی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا بگه‌ینه پێشکه‌وتنی هاوسه‌نگ و به‌رده‌وام و باڵوێزان و نوێنه‌رانی ئێران له وڵاتانی دیکه‌ی جیهان، ڕۆڵی گرنگیان له پێناو مسۆگه‌ربوونی ئه‌م ئامانجه‌دا هه‌یه.
ئێران ئاڵا هه‌ڵگری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆره له ناوچه‌که:
حه‌سه‌ن ڕۆحانی ڕوونیکرده‌وه: پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که بۆ هاوکاری و لێک تێگه‌یشتن هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئێران له ئێستادا وه‌ک ئاڵا هه‌ڵگری خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌ی دژ به تیرۆریستان ده‌ناسرێت و بۆ وڵاتانی ناوچه‌که‌ش په‌یامهێنه‌ری سه‌قامگیری و ئاسایشه.
ده‌رکه‌وتنی هێزی ئیسلام له ڕێ و ڕه‌سمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن(ع):
ڕۆحانی له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا، به‌شداری ملیۆنی موسڵمانانی له ڕێ و ڕه‌سمی گه‌وره‌ی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن (ع) به ده‌رکه‌وتنی هێزی ئیسلام ناو برد و وێڕای ده‌ستخۆشی له سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی، وتی: عه‌شق به ئیمام حوسێن به ته‌نیا تایبه‌ت به شێعه و ئیسلامه‌وه نییه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی به سه‌رجه‌م ئائینه ئاسمانییه‌کان و ئازادیخوازانی جیهانه‌وه هه‌یه.
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران به جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که تاران به‌رده‌وام له جیهانی ئیسلامدا داوای دابین کردنی هاوده‌نگی و یه‌کێتی نێوان موسڵمانان ده‌کات، وتی: له‌مڕۆدا یه‌که‌مایه‌تی ئێمه، برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانه له جیهانی ئیسلام و هه‌ر بۆیه بۆ پته‌وبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانمان له گه‌ڵ وڵاتانی ئیسلامی گرنگی و بایه‌خی زۆر داده‌نێین.
له کۆتاییدا ڕۆحانی هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ باڵوێزانی ئێران له جێبه‌جێ کردنی ئه‌رک و ڕاسپارده‌کانیان خواست و باڵوێزانی نوێش بۆ هه‌ر یه‌ک له وڵاتانی سنیگال، تایله‌ند، فیلیپین، به‌لژیکا، پاکستان، دانیمارک، یۆنان، سریلانکا و مالیزیا ڕایانگه‌یاند که له پێناو به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی تاران له گه‌ڵ وڵاتانی ئاماژه‌پێکراو هه‌وڵی به‌رده‌وام ده‌ده‌ن.