جام کوردی:
ڕۆسته‌م قاسمی سه‌رۆکی ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدانی ئابوری نێوان ئێران و عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به یاوه‌ری شاندێک به مه‌به‌ستی کۆبوونه‌وه له گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان ده‌گاته شاری هه‌ولێر. هاوکات له گه‌ڵ ئه‌م سهرادنه، چاودێران پێیان وایه که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و هه‌ولێر بۆ یه‌که‌م جار سه‌باره‌ت به هاوکاری هاوبه‌ش له بواری وزه‌دا گه‌یشتووه‌ته قۆناغی لێک نزیکبوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، عه‌بدووڵا ئاکره‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئه‌م سه‌ردانه له پێناو گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان تاران و هه‌ولێره و ڕۆسته‌م قاسمی له گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان کۆده‌بێته‌وه.
ئاکره‌یی سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ری کۆبوونه‌وه‌کان ڕایگه‌یاند: گه‌شه‌پێدانی ئابوری و بازرگانی یه‌که‌مایه‌تی وتووێژ و دانوستانی نێوان شاندی ئێرانی و کوردستانی ده‌بێت، که‌رتی نه‌وت و گازیش به وردی تاوتوێ ده‌کرێت.
سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وتنی نێوان هه‌رێم و کۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌بدووڵا ئاکره‌یی ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی هێشتا ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ک واژۆ نه‌کراوه، به‌ڵام ڕه‌وتی دانوستان و وتووێژه‌کان به‌ره‌و گه‌یشتن به ڕێکه‌وتن ده‌ڕوات و هیوامان به‌وه هه‌یه که دوو لایه‌ن به زووترین کات به‌و ڕێکه‌وتنه چاوه‌ڕوانکراوه بگه‌ن.
عه‌بدووڵا ئاکره‌یی له درێژه‌دا ڕایگه‌یاند: په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئێمه گرنگه و سه‌رۆک وه‌زیران له سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی بۆ تاران جه‌ختی له سه‌ر ئه‌م گرنگییه کردووه‌ته‌وه.
له دوو ساڵی ڕابردووه‌وه ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدانی ئابوری نێوان ئێران و عێراق هه‌نگاوی گرنگی له پێناو په‌ره‌پێدانی هاوکارییه ئابورییه‌کانی نێوان تاران و هه‌ولێر هه‌ڵگرتووه و بۆ یه‌که‌م جار هه‌ر دوولا له ڕێکه‌وتننامه‌یه‌کی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به وزه نزیک بوونه‌ته‌وه.