جام کوردی:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا سێ شه‌ممه‌ی داهاتوو له میانه‌ی سه‌ردانێکیدا بۆ مۆسکۆ سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سوریا و پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له گه‌ڵ ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا کۆده‌بێته‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری فه‌رانسه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه که جۆن کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، سێ شه‌ممه‌ی داهاتوو له گه‌ڵ پوتین کۆده‌بێته‌وه.
مارک تۆنر وته‌بێژی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له په‌راوێزی کۆنفرانسی گۆڕانکارییه‌کانی که‌ش و هه‌وا له پاریس به په‌یامنێرانی ڕاگه‌یاند: ” پوتین و کێری سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کان له پێناو گه‌یشتن به قۆناغی ڕاگوزه‌ری سیاسی له سوریا و هاوکات به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش وتووێژ ده‌که‌ن، قه‌یرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا ته‌وه‌ری دیکه‌ی ئه‌م وتووێژانه ده‌بێت “.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، کێری له میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ڕووسیا له گه‌ڵ سرگئی لاوڕۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش کۆده‌بێته‌وه.
له لایه‌کی دیکه‌وه، بڕیاره گرووپێک به به‌شداری 17 وڵات له به‌رواری 18 دسمبێر له دانیشتنێک که به چاودێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له نیۆیۆرک به‌ڕێوه ده‌چێت، پرسی ئاگربه‌ستی نێوان حکومه‌تی دیمه‌شق و گرووپه چه‌کداره‌کان تاوتوێ بکات.