بەشی دووهەم و کۆتایی
تەلاری ئەڵماس
لە گۆشەی خوارووی حەوشە و حەساری کۆشکی گوڵستان واتە پاش عیمارەتی بادگیر، تەلاری ئەڵماس هەڵکەوتووە، بەردی دناغەی ئەم کۆشکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی فەتحعەلی شای قەجەر، بەڵام لە سەردەمی ناسرەدین شا دا لەرووی رواڵەت و نیگارکێشییەکانییەوە گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەریدا هێنا. ئەم بینایە بەهۆی ئەو ئاوێنەکارییە سەیر و ئاڵۆزانەی ناوەوەی بە بینای ئەڵماس ناوزەد کراوە.
لە سەردەمی ناسرەدین شا دا زۆربەی تاق و تاقنوێنە لاتەنیشتەکانی ئەم تەلارە وەکوو زۆرێک لە تاقەکانی تری کۆشکی گوڵستان کرایە تاقکەلی قەوسی و رۆمی، و دیوارەکانی تەلارەکە بە هەموو چەشنە کاغەزێکی خارجی خەمڵێندرا.
بەسەرنج دان بەوەی کە ئەم بینایە لە بیناگەلی تایبەتە بە فەتحعەلی شا، کرایە شوێنگەی مۆزەخانە و ئامێرەکانی ئەو و لە ژێرزەمینەکەشی دا چایخانەی کۆگاکە هەڵکەوتووە.
تەلاری عاج
دوای تەلاری ئاوێنە و لە گۆشەی رۆژئاوایی تەلاری بیرلیان، تەلاری عاج هەڵکەوتووە. مێژووی درووستکردنی ئەم تەلارە و حەوزخانەکەی ژێرەوەی نادیارە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەر لە تەلاری سەلام و تەلاری ئاوینە درووست کراوە و لە بیناگەلی سەردەمی ناسرەدین شایە کە هەڵبەت هەر لەسەردەمی خۆی دا گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەردا هێنا کە شێوازی ئەمڕۆی وەرگرتۆتە خۆی. لەم تەلارە و لە سەردەمی ناسرەدین شادا، دیاری پاشاکانی دەوڵەتە بیانییەکان دادەنرا و رادەگیرا و لە سەردەمی حوکمڕانی پاڵەوییەکان دا شوێنی میوانداریی و بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە فرمییەکانی دەربار بوو. لەم رووەوە لە نیگار و زەخرەفەکانی ناوەوەی دا گۆڕانکاریگەلێکیان پێک هێنا. حەوزخانەی ژێرەوەی ئەم عیمارەتە بۆ نمایشدانی نیگارەکان تەرخان کراوە.
حەوزخانە
ئەم عیمارەتە کە کەوتۆتە نهۆمی سەرەوەی تەلاری عاج، لە بیناگەلی سەردەمی ناسرەدین شایە و لە سەردەمێک دا ئاوی کارێز بەنێو ئاوەڕۆی ئەم ئیمارەتە دا دەڕۆیشت و دەڕژایە حەوزەکانی حەوشەی کۆشکەوە. ئەم عیمارەتەش لە سەردەم و زەمەنە جیاوازەکان دا گۆڕانکاریی بەسەر دا هاتووە و ئێستاکە بە هەڵواسین و نمایشکردنی شازترین تابلۆکانی نیگارکێشە ئەورووپییەکانی سەدەی 19، لەوانەش بەرهەمەکانی سیمۆن ڤۆن گۆلزبێر، ئایوازڤۆسکی و…کراوە بە نمایشگەی هەمیشەیی تابلۆ نیگارکراوەکان.
شەمس و لعیمارە
ئەم بینایە شازترین بینای کۆشکی گوڵستان و دانسقەترین بینای گۆشەی رۆژهەڵاتیی کۆمەڵەکەیە. وادەردەکەوێ گوایە ناسرەدین شا بەر لە سەفەر بەرەو ئەورووپا و بەهۆی دیتنی وێنەی بیناکانی رۆژئاواوە، بڕیار دەدات بینایەکی بەرز و بڵند وەکوو ئەوانەی کە لە وێنەکاندا دیتبووی لە پێتەختەکەی خۆی، درووست بکات تاکوو لە سەروویەوە بتوانێت لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی حکوومەت بەرجەوەنی شار و گۆشە و کەنارەکانی ببینێت.
بەرواری دەسپێکی درووستکردنی بیناکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1282ی کۆچی ـ مانگی و پاش دوو ساڵ تەواو دەبێت و بە ناوی شەمس و لعیمارە ناوەزەدی دەکەن. پلان و گەڵاڵەی کردنەوەکەی لەلایەن موعەیەرولمەمالیکەوە پێشکەش کرا بوو و ئەندازیارەکەشی مامۆستا عەلی موحەمەدی کاشی بووە.
خەڵوەتی کەریمخانیی
لە گۆشەی باکووری رۆژئاوایی پاناتی گوڵستان، دیواربەدیواری تەلاری سەلام، بینایەکی سەرپۆشراو و کۆڵەکەدار لەچەشنی ئەیوانێکی سێ قاپیی هەڵکەوتووە کە لە ناوەندەکەیدا حەوزخانەیەکی ئاوپژێن درووست کراوە کە زۆربەی ئاوی کارێزەکەی پاشا لەم حەوزەوە هەڵقوڵاوە.
ئەم بەشە لە کۆشکی گوڵستان کە بەرخان(جلوخان) یان خەڵوەتی کەریمخانی ناونراوە، هەر وەکوو لەناوەکەیشییەوە دیارە لە بیناگەلی سەردەمی کەریم خانی زەندە و وەکوو بەشیک لە خەڵوەتخانەی ئەو هەژمار کراوە.
وادەردەکەوێت ئەم بینا لە ساڵی 1173ک،م بەردی بناغەی دانراوە و لە سەردەمی نارەدین شا دا، کە بینای نوێی تەلاری سەلام رۆنراوە، زۆربەی بەشەکانی رووخێنراوە و ئەمڕۆکە تەنها بەشێکی لێ ماوەتەوە.
عیمارەتی بادگیر
عیمارەتی بادگیر لە سەردەمی فەتحعەلی شا دا و لە گۆشەی باشووری باغی گوڵستان درووست کرا، بەڵام لە سەردەمی ناسرەدین شای قەجەر دا دەستێوەردنگەل و گۆڕانکاریگەلێکی زۆری بەسەر دا هات و شێوازی ئەمڕۆیی وەرگرتە خۆی.
لە ژێرەوەی تەلار و عیمارەتی ئاماژە بۆ کراو حەوزخانەیەکی بەرفراوان هەڵکەوتووە کە لە چوار گۆشەکەی دا، چوار بادگیری بڵند و بەرزی خەمڵێنراو بە کاشیگەلی موعەڕەق، شین، زەرد و رەش بە کڵاوگەلی زێڕینەوە، درووست کراون و هەوای حەوزخانە و تەلار و ژوورەکان بەو هۆیەوە بە باشی خۆش و فێنک دەبێتەوە.
کۆشکی سپی
لە کۆتاییەکانی حوکمڕانی ناسرەدین شا دا، شاسوڵتان عەبدوولحەمید، پاشای عوسمانی، هەندێک کەلوپەل و شتوومەکی بایەخدار و گرانبەهای نارد بۆ پاشای ئێران. چوونکوو لەو سەروبەندە دا هەموو کۆشک و تەلارە سەڵتەنەتییەکانی شا بە کۆمایەک لە تابلۆ و ئامێری جۆراوجۆر خەمڵێندرابوو، ناسرەدین شا بڕیاری دا لە گۆشەی باشووری رۆژئاوایی کۆشکی گوڵستان ـ کە پێشتر شوێنی کڵاوفەرەنگی یان بورجی ئاغاموحەمەدخانی بووـ کۆشکێکی نوێ بکاتەوە و دیارییەکانی سوڵتانی عوسمانی تێدا جێ بکاتەوە.
ئەم بینایە بەهۆی سپێتی رەنگی دیواری دەرەوەی کە بەشێوازی بیناکانی سەدەی 18ەی ئەورووپا گەچبڕی و نماسازی کرابوو و هەروەها بەهۆی ئەمەی کە پلە و دیوارەکانی رێڕەوی کۆشکەکە لە مەڕمەڕی سپی هێڵدار پێک هاتبوون، بە کۆشکی سپی ناوبانگی دەرکرد. کۆشکی سپی لە هەمان دەسپێکی بیناکردنییەوە کرا بە شوێنی کۆبوونەوەی وەزیرە پلە باڵاکان و کۆبوونەوەکانی کابینەی دەوڵەت تا ساڵی1333کۆچی ـ مانگیی لەم کۆشکە و لە تەلاری سوڵتان عەبدولحەمید دا بەڕێوەدەچوو.
لە ساڵی1344 دا بە هۆی تاجگوزاریی حەمەڕەزاشای پاڵەوی، گۆڕانکاریگەلێک لە گۆشەی رۆژئاوایی و هەروەهاش لە نهۆمی خوارووی بیناکە درووست کرا و لە ساڵی 1347ەوە بوو بە مۆزەخانە مەردومناسی.
عیمارەتی بیرلیان
لە لای خۆرهەڵاتی تەلاری عاج، چەند تەلار و ژووری جوان و رازاوە هەن کە ئاستی زەوی کەفەکەی لە چاوەی تەلاری عاج و تەلارەکانی تر لە خوارەوەیە. لە سەردەمی ناسرەدین شا دا بە هۆی کۆنەبوون و سواوی و داڕزانی بینا کۆنەکانی ئەرگ، زۆربەیانیان رووخاند و لەباتییان دا بیناگەلی تازەیان درووست کرد. لەم سەروبەندە دا عیمارەتی بلووریان رووخاند و لە جێگاکەی دا ئەن عیمارەتەی ئەمڕۆیان درووست کرد. ئەم عیمارەتە لە سەردەمی پاڵەوی دا بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە فەرمییەکان لەگەڵ دەوڵەتە بیانییەکان و هەروەها رێوڕەسمەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا.
نیگارخانە
نیگارخانە شوێنگەی خستنەڕووی گەنجینەیەکی پڕبایەخ لە تابلۆی نیگارەکانی هونەرمەندانی سەردەمی قەجەرە، کە تێیدا رەوت و ئاراستەی گەشەکردنی نیگارکێشیی لە ئێران و هەروەها بەرهەمی هونەرمەندە ناودارەکانی خراوەتە روو. لەو نیگارکێشە ناودارانەی کە بەرهەمەکانی خراونەتە روو دەکرێت ئاماژە بە مەحموود خانی سەبا، میهر عەلی، کەماڵ ئەلمولک، ئیسماعیلی جەلابەر، ئەبولحەسەنی سانی یان سەنیعەلمولک و موحەمەدی ئەفشار بدەین.
مۆزەخانەی تایبەت
ئەگەر لە گۆشەی باکووری رۆژئاوایی باخی گوڵستان بەناو خەڵوەتی کەریم خانی دا تێ بپەڕین، دەگەینە تەلاری مۆزەخانەی تایبەت یان عیمارەتی مۆزەی سەرەکی. ئەمە یەکەمین مۆزەخانەی سەڵتەنەتی و دەوڵەتی ئێرانە کە لە لایەن خودی ناسرەدین شاوە بەردی بناخەی دانراوە. شا بەهۆی سەفەرەکانی بۆ ئەورووپا و دیتنی مۆزەخانەکان و هەروەها گەلەرییە گەورەکانی وڵاتانی ئەورووپایی، بڕیاری دا کە ئەویش مۆزەخانەیەک لەچەشنی ئەو مۆزەخانە ئەورووپییانە لە نێو ئەرگی سەڵتەنەتی دا درووست بکات و فنیاتی بنێت. ئەم تەلارە هەر لە سەرەتاوە بەمەبەستی درووست کردن و دانانی مۆزەخانە بنیات نرا و بەهۆی بەڕێوەچوونی”سڵاو”گەلی تایبەت و فەرمی تێیدا، بەرە بەرە نێوی تەلاری سەلامی بە باڵا دا بڕا.
لە ساڵی 1345 بەهۆی رێوڕەسمی تاجگوزاریی حەمەرەزاشای پاڵەوی لەم تەلارە دا، نیگارکێشییەکەی بەتەواوەتی گۆڕدرا و شێوازی ئەمڕۆ و ئێستای وەرگرتە خۆی. لە نهۆمی ژێرەوەی تەلاری سەلام دا حەوزخانەیەک هەیە کە کراوەتە دووبەش تەیار کراوە بۆ تەلاری تایبەت بە نمایشکردنی هونەرە ناسکەکان و دواتر مورەسەعات لە سەردەمی قەجەر دا.
نێوی پاشاکانی نیشتەجێ لە کۆشکەکە دا
ئاغا موحەمەد خانی قەجەر، فەتحعەلی شا، موحەمەدشای قەجەر، ناسرەدین شای قەجەر، موزەفەرەدین شای قەجەر، حەمەعەلی شای قەجەر و هەروەها ئەحمەد شای قەجەر هاتوونەتە کۆشکی گوڵستان ە لەوێ نیشتەجێ بوون.
سەرچاوە: سایتی ئاریا زەمین
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری