جام کوردی
بەپێی راپۆرتێكی ئەمریكی كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، واشنتۆی لە رێكخستن و ئەنجامدانی كودەتای سەربازی بەسەر بەشار ئەسەد، سەرۆكی رژێمی سوریا شكست دەهێنێت ئەویش دوای ئەوەی بۆی دەركەوتووە كە سەردانی ئەو رژێمە یەكگرتوون. ئاشكراكردنی راپۆرتەكەش لەكاتێكدا دێت كە وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادەیی دیمەشقی بۆ بەشداریكردن لەو گفتوگۆیانە دەربڕی كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێف بەڕێوەبچێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرای كردووە كە ئیدارەی ئۆباما لەڕێگای هەوڵدان بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی رژێمەكەی بەشاری ئەسەد هەوڵی رێكخستنی كودەتای سەربازی داوە یان بەشێوەیەك بەبێ توندوتیژی بەشار ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵات ببێت. رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە سەرەتای ئاڵۆزییەكانەوە واشنتۆن هەوڵیداوە كە بڕوا بە هەندێك لە سەركردەكانی رژێم بهێنێت بۆ ئەنجامدانی كودەتای سەربازی، بەڵام سەركەوتووە نەبووە. هەروەك ئەوەشی ئاشكراكردووە كە گرفتی ئیدارەكەی ئۆباما ئەوەیە نەیتوانیوە تێگەیشتنی باشی بۆ ئەسەد و بنەماڵەكەی هەبێت كە بەشێویەكی سەركوتكەرانە حوكمی سوریا دەكەن.
هەر بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە هاوینی 2012ەوە كۆشكی سپی سەركەوتووە نەبووە لە گۆڕینی رژێمی حوكمی سوریا بەشێوەیەكی راستەوخۆ، دواتریش ویستوویەتی لەڕێگای پشتیوانیكردنی ئۆپۆزسیۆنەوە ئەم كارە بكات، بەرپرسێكی ئەمەریكیش ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هەوڵەكانیان ئەنجامی باشی نەبووە بەهۆی ئەوەی روسیا و ئێران بەتوندی پشتی رژێمەكەی بەشاری ئەسەدیان گرتووە.