پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، عیراق لەقەیرانێكی دارایی زۆر ترسناكدا دەژی و بەدابەزینی زیاتر نرخی نەوتیش، شتێك نامێنێت بەناوی ئیدارەدانی دەوڵەتی عیراقەوەو هەموو دامەزراوەكان دەوەستن.
بهپێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانهوه له کوردستانی نوێ، ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندووە، دەبێت عیراق لەساڵی داهاتوودا 63 تریلیۆن دیناری لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دەست بكەوێت، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، عیراق زۆربەی داهاتەكەی لەدەست دەداتو دەكەوێتە قەیرانێكی مەترسیدارەوە، چونكە عیراق نرخی بەرمیلێك نەوتی بە 45 دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە كەمتر لە 37 دۆلارە.
وتیشی: «جیاوازی نرخی نەوتی برێنت لەگەڵ نەوتی عیراق نزیكەی حەوت دۆلارە، لەبەرئەوە ئێستا عیراق بەرمیلێك نەوت بە 30 دۆلار یاخود كەمتر دەفرۆشێت، فرۆشتنی نەوتیش بەو نرخە واتای ئەوەیە، عیراق بۆ ساڵی 2016 بەداهاتی نەوت تەنیا 30 تریلیۆن دیناری دەست دەكەوێت، كەواتە توانای دەستكەوتنی 33 تریلیۆن دینارەكەی تری لەكوێ دەبێت؟، بۆیە عیراق لەقەیرانێكی زۆر ترسناكدا دەژی».
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدابەزینی زیاتری نرخی نەوت شتێك نامێنێتەوە بەناوی ئیدارەدانی دەوڵەتی عیراقەوە، چونكە ئەگەر عیراق تێچووی نەوتی 10 دۆلار بێتو بە 30 دۆلار بیفرۆشێتەوە، تەنیا 20 دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەوكات هەموو دامەزراوەكانی عیراق دەوەستن.
ئەو پەرلەمانتارە، رێگەچارەكانی عیراق بۆ دەرچوون لەقەیرانەكان بەزەحمەت ناو دەباتو دەڵێت: «عیراق لەم قەیرانەدا سێ چارەسەری هەیە كە یەك لەیەك سەخترن، یەكەم ئەوەیە كە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرز بكاتەوە، كە ئەوە قەیرانێكی گەورەی هەڵئاوسانو گرانییەكی سەرتاسەری دروست دەكات، یان موڵكی دەوڵەت بفرۆشێت كە خاوەنی موڵكێكی ئێجگار زۆرە بەوەش قەیرانێكی تر بۆ خۆی دروست دەكات، چارەسەری سێیەم وەرگرتنی پێشوەختەی پارەی نەوتە، كە ئەوەش نازانرێت وڵاتانی جیهان بەچ نرخێك نەوتی لێدەكڕن».