ئەگەر لەم سەدەیەی دوایی دا بینەری ئەوە بووین و هەین کە رۆژهەڵاتی ناوین بۆتە پانتای ئامادەگی هێزە بیانییەکان بەتایبەت وڵاتە رۆژئاواییەکان و ئەمریکا و ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و قەیرانە جۆراوجۆرەکان و لەت و پەت بوونی هەندێ وڵات، بێ گومەن ئەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ پاراوبوون و پڕپیت بوونی رۆژهەڵاتی ناوین لە رووی نەوت و غازەوە.
وڵاتانی ئێران، عێراق، سەعوودیا، قەتەر و کوەیت و تەنانەت ئیماراتیش لە رووی بوونی زەخیرەی گەورەی نەوت و غاز لە جیهان دا لە نێوان وڵاتان دا پێشەنگن.
لە باری زەخیرەی نەوتییەوە، وڵاتی سەعوودیا پاش ڤینزۆئیلا بە زیاتر لە ٢٦٧ ملیار بەرمیل دووهەمین وڵاتی نەوت داری جیهانە و وڵاتی ئێرانیش بە زەخیرەیەک نێزیک لە ١٥٤ ملیار بەرمیل و عێراق بە نێزیکەی ١٤١ بەرمیل لە پلەی چوارەمین و پێنجەمین وڵاتانی نەوتیی دنیا دان.
هەروەها بە پێی راپۆرتەکانی بریتیش پیترۆلیۆم، ئێران بە هەبوونی ٣٤ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە بە خاوەنی گەورەترین زەخیرەی گازی دنیا دەناسرێت و پلەکانی دواتر بەریزەوە بۆ رووسیا و قەتەر دەستەبەر کراوە و وڵاتی عێراقیش بە هەبوونی نێزیکەی ٢ لە سەدی کۆی زەخیرە گازییەکانی دونیا لە پلەی یازدەهەمی وڵاتە غازدارەکانی دونیایە.
بەڵام ئەگەر چاوێک لەم دوو دراوسێ کۆنە واتە ئێران و عێراق بکەین کە لە وڵاتە خاوەن دەسەڵاتەکانی بواری نەوت و غازن لە دونیان، دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەم دوو وڵاتە خاونی مەیدانگەلی هاوبەشی نەوت و غازیش هەن کە بەشێکی هەرە زۆری ئەم زەخیرە و خەزنانە لە سێ پارێزگای هاوسێ واتە کاماشان، سلێمانی و ئیلام دایە.
نەوت و غاز لە سێ گۆشەیەک دا
تەنها لە پارێزگای سلێمانی دا زۆرتر لە حەوت و نیو تریلیۆن مەتری چوارگۆشە غازی سرووشتی لە قوڵاییەکانی زەوی دایە کە بەشێکی گەورەی لە پارێزگای سلێمانی دا هەڵکەوتووە.
لەم رێژەیە نێزیکەی ١٠٠ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە غاز لە دوو مەیدانی غازی “چەمچەماڵ” و “کورمور” کە سەر بە پارێزگای سلێمانین، هەڵکەوتووە.
بەپێی دواهەمین بەراوردەکان و مەزەندەکردنەکان کە لە لایەن کۆمپانی تۆتاڵ لە هەرێمی کوردوستان دا سەبارەت بە زەخیرە نەوتییەکان ئەنجام دراوە، ئەم ناوچەیە خاوەنی زەخیرەیەک بە رێژەی ٦٠ ملیار بەرمیلە کە هاوتای ٥ لە سەدی کۆی زەخیرەگەلی نەوتی دونیایە کە لە ٥٢ بلۆک دا هەڵکەوتووە و بەشێکی زۆر لەم سەرمایە ژێرزەوینییەش لە پارێزگای سلێمانی کە هاوسێ و هاوسنوورە لەگەڵ جوگرافیای وڵاتی خۆمان دا هەڵکەوتووە.
لەم نێوانە دا پارێزگای کرماشان کە هاوسێی پارێزگای سلێمانییە (هەڵبەت چەند مانگێکە کە حەڵەبجە بووەتە پارێزگا کە پێشتر شارێک بوو سەر بە سلێمانی) و لە چەند خاڵ و دەروازەی سنووری وەکوو شۆشمێ، پەروێزخان و شێخ سێڵە لە گەڵ ئەم پارێزگایە دا پێکەوە بەستراون، لەرووی سەرچاوە ژێرزەمینییەکانەوە بەتایبەتی نەوت لە ناوەند و چەقی سەرنج دایە.
کرماشان خاوەنی یەکێک لە ٩ پاڵاوگەکانی نەوتی وڵاتە و یەکێکە لەو شوێنانەی کە کۆنترین پاڵاوگەی نەوتی ئێرانی لێیە(کە لە ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاوی و بە توانستی بەرهەمهێنانی رۆژانە ٢ هەزار بەرمیل درووست کراوە) کە زۆرتر بە سەرنج دانی سەرچاوە نەوتییەکانی نەوت شار و هەروەها پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەشێک لە نەوتی باشووری ئێران داهێنرا.
دوو ساڵ لەمەو پێش بەڕێوەبەری کۆمپانی دۆزینەوە نەوتییەکانی ئێران لە زەرفییەت و توانستی ١٠٠ لە ١٠٠ یناوچەکانی رۆژئاوای ئێران بۆ هەبوونی غازی سرووشتی خەبەری دا.
هورموای قەڵاوەند بە دەربڕینی ئەمەی کە بەزووترین کات پرۆژەی دۆزینەوەی غاز لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، ئیسلام ئاوای رۆژئاوا و قەسری شیرین دەست پی دەکات راشیگەیاند کە رەنگە ئێمە لەگەڵ دۆزینەوەی عەسەلوویەیەکی غازی نوێ لەم ناوچانە دا بەرەڕوو ببینەوە و هۆی ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ هەبوونی تاقدیسە نەوتی و غازییەکان لە ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی پارێزگای کرماشان.
لەرووی نەوتیشەوە کرماشان یەکێکە لە ناوچە پڕپیت و پاراوەکان؛ لە ساڵی ١٣٨٨ ی هەتاوی دا گۆڕەپانی نەوتی سوومار دۆزرایەوە کە بە پێی بەراورد و مەزەندەکان خاوەنی زیاتر لە ٤٥٥ ملیۆن بەرمیل توانست و هەڵکەوتوویی نەوتییە.
چاوخشاندنێک بە سەر پارێزگای ئیلامیش دا کە هاوسێی پارێزگای کرماشانە شتی زۆرترمان بۆ دەردەخات؛ ئەم پارێزگایە ئێستا وەکوو دووهەمین پارێزگای غازداری ئێران هەژمار دەکرێت کە گۆڕەپانە غازییەکانی کەمانکێو و تەنگەی بیجاڕ لە ٧٠ کیلۆمەتری شاری ئیلام لە گۆڕەپانە غازییەکانین.
بە خستنەڕێی پاڵاوگەی غازیی ئیلام ئێستا لر رۆژێک دا زیاتر لە ٧ میلیۆن مەتری چوارگۆشە غاز لەم گۆڕەپانانە هەڵدەهێنجرێت و لە رێگەی لوولەیەکەوە دەنێردرێتە ئەم پاڵاوگەیە.
بە گشتی نێزیکەی ١١ لە سەدی زەخیرە نەوتیی و غازییەکانی ئێران ( ئێران دووهەمین وڵاتی غازداری جیهان و چوارەمین وڵاتی نەوت داری جیهانە) لە پارێزگای ئیلام دا هەڵکەوتووە و لەرووی نەوتیشەوە گۆڕەپانە نەوتییەکانی “ئازەر” و چنگۆڵە و هەروەها کانی خۆش و دانان لە گرینگترین گۆڕەپانە نەوتییەکانی ئەم پارێزگایە ئەژمار دەکرێن.
گەشە نەکردوویی و رۆڵی سەرچاوە ژێرزەوینییەکان
سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لەروو و لایەنی نەوتییەوە تایبەتمەندی و خاڵی هاوبەشیان زۆرە بەڵام لە ٢ خاڵی گرینگی دیکەش دا هاوبەشن؛ یەکەم، گەشەنەکردوویی و پێش نەکەوتووی و هەروەها لەبار نەبوون و ئامادەنەبوونی ژێربنا و بنەما گەشەپێدەرەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە بواری پیشەیی و سەنعەت دا.
بە پاڵپشتی هەر ئەم سەرچاوە پڕپیت و پاراوانە دەکرا لەم پارێزگایانە دا زۆر پیشەسازی گەورە و سەرەکی بکرێت بەڵام مەخابن هێشاتش پاش چەند دەیە لە دۆزینەوە و ناسینی ئەم سەرچاوانە هێشتا زۆرێک لە چاڵە نەوتییەکان داخراو و پڵومپن و لە پراکتیک دا ئیسێک بۆ بووژانەوە، پێگەیاندن، بەرهەمهێنانی ئەرز، گەشە و بووژانەوەی ئابووری ئەم ناوچانە ئەنجام نەدراوە.
رەنگە زاڵترین هۆکار بۆ بەردەوامبوونی ئەم رەوتە، سالاربوونی تێڕوانینێکە کە تێیدا بیری رێگەبەری-گەشەکردوویی بۆ ئەم پارێزگا سنوورییانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، پێڕەو نەکراوە بەڵام بەرپرسە خۆماڵییەکان و خەڵک هێشتاش هیوادارن بە کەڵک وەرگرتن لەم زەخیرە و خەزنە گەورانە بەو ئیرادەیەی کە لە دەوڵەت دا بەدی دەکرێت، گەشەی ئابووری و پێشکەوتن لە ناوچەکانیان دا بێتە ئاراوە.
دووهەمین خاڵێک کە پارێزگای کرماشان و ئیلام تێیدا هاوبەشن ۆلە و رێژەی زۆری بێکاریی و ژمارەی لەرادە بەدەری بێکارەکانێتی.
دەگوترێت کە ٢٥ تا ٣٠ لە سەدی حەژیمەتی ئەم ٢ پارێزگایە بێکارن کە زۆرتریش گەنجە خویندەوارەکانن کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر پیشەسازییە سەرکی و نیوە سەرەکییەکان لە بوارەکانی غاز، نەوت و پیترۆشیمییەوە لەم پارێزگایانە دا درووست بکرێن، بێکاری بەتەواوەتی لەناو دەچێت.
تەنها بە درووست کردنی پاڵاوگەی ئاناهیتا لە کرماشان و خستنەڕێی سەنایعە ناسەرەکییەکان، بەراورد کراوە کە نێزیکەی ١٢ هەزار دەرفەتی کار بەشیوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ درووست دەبێت، ئێستا بیهێننە پێش چاوی خۆتان کە ئەگەر توانستە گەورەکانی پارێزگای ئیلام بە هەبوونی پلەی ٢ ی غاز و ٣ ی نەوت لە وڵات دا بخرێتە گەڕ، دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین کە بەشێک زۆر لە بێکاران خاوەنی ئیش دەبن.
هەڵبەت پارێزگای سلێمانیش لە هەرێمی کوردوستان بەتایبەتی بە هۆی ئەو تەنگەژە ئابوورییەی کە درهاوێشتەی نێوان ململانێی دەوڵەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمە و هەروەها سەرهەڵدانی تاقمی تیرۆریستی داعەش و کاریگەرییە نیگەتیڤ و نەرێنییەکانی ئەم تاقمە لە سەر عکوومەتی هەرێمی کوردوستان و بواری ئابوورییەکەی، لەم رۆژانە دا لەو رووە ئابوورییانە دا بارودۆخێکی باشی نییە.
لە پارێزگای سلێمانی و باقی شارەکانی تری هەرێمی کوردوستانیش بێکاری دیاردەیەکی غشتگیر و لەبەرچاوە، بەتایبەتی لەم ناوچانە دا بەڕادەی پێویست کاریی پیشەسازی و سەنعەتی نەکراوە و زۆرترین هەل و بواری کار لە رووی خزمەتگوزاری گشتی و بازرگانییە.
بەڵام بەو تێڕوانینەی کە عکوومەتی هەرێمی کوردوستان بۆ هەڵهێنجانی نەوت و غاز لەم ناوچانە دا هەیەتی و بە ئامادەگی خەست و بەرجاوی کۆمپانییە گەورەکانی نەوت و غازی جیهانی لەم ناوچانە، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بارودۆخی ئەم ناوچانە و ئەم پارێزگایە و کۆی هەرێمی کوردوستان رەوتێکی بەرەو پێش و گەشەسەندوو لە خۆ دەگرێت.
سەرمایەدانانی هاوبەش؛ پێوەندیی هەمیشەیی
لە جیهانی ئەمڕۆ دابە تایبەتی لە بوارە یابوورییەکان دا، زۆر کات وڵات جیاوازەکان لە پلان و گەڵاڵەکانی یەکدی دا سەرمایەدانانێک دەکەن کە هەڵبەت باوترین شێوەی ئەم چەشنە هاوکارییانە بە پێی چەشنێ لە رێک کەوتنی نێونەتەوەیی لە ژێر ناوی«Joint Venture»یان سەرمایەدانانە هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێت.
ئێستا کە سێ گۆشەی نەوت و غاز واتە سلێمانی، کرماشان و ئیلام لە تەنیشت یەکدی دان و هاوبەشێتییە زمانی، کەلتووری و ریشە مێژووییەکانیش لە نێوانیان دا بەهێزە، دەوڵاتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردوستان دەتوانن لەگەڵ یەکدی و بە بێ پێویستی بە کۆمپانییە نەوتییەکانی باقی وڵاتان دەست بدەنە هەڵهێنجان و دەرهێنانەوەی ئەم سەرچاوانە کە ئەم رووداوە بە پێک هێنانی کۆنسێرسیۆمێکی هاوبەشی نەوت و غاز لە نیوان دوو لایەن دا بەدی دێت.
زیدەڕۆیی نییە ئەگەر ئێران لە بواری زانستی تەکنیکی بۆ دەرهێنان و هەڵهێنجان و وەبەرهێنانی نەوت و غاز لە پلەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیا دا دانێین و بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە درووست کردنی ئەو هەموو پاڵاوگەیەی وڵاتە لە لایەن ئەندازیارە پسپڕەکانی ئێرانەوەیە.
بەم پێیە ئەگەر رێک کەوتنی وەها کۆنسێرسیۆمێک بێتە ئاراوە دەکرێت خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیش لە بواری نەوت و غاز هەناردە بکرێت کە هەم بۆ وڵاتی ئێمە لەرووی ئرزهێنەریی و گەشەی ئابوورییەوە بەکەڵکە؛ و هەمیش لایەنی عێراقیش کەیف ساز و خۆشحاڵن بەوەی کە لە سنوورەکانی دراوسێی خۆیان، کۆمپانیگەل و پسپۆڕگەلیکی بەتوانا هەن کە دەتوانن بە نرخ و پارەیەکی کەمتر لە چاوەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی دا پاڵاوگەیان بۆ درووست بکەن و هەروەها لە پرۆسەی دامەزراندنی پیشە و سەنایعە پلە دووەکان و هەروەها بارهێنان و فێرکاریی توانستە تەکنیکی و پسپۆڕییەکان دا یارمەتییان بدەن.
پێشنیار دەکرێت لانی کەم هەر دوو لایەن ئەم شتە لێک بدەنەوە و هەلی سەنگێنن بەتایبەتی دەوڵەتدارەکانی وڵاتمان و بەرپرسانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام، چوونکوو درووست کردنی وەها کۆنسیرسیۆمێک دەتوانێت لە قەرەبوو کردنەوەی دواکەوتوویی و گەشەپێدانی خشتە ئابوورییەکانی ئەم ناوچانە دا رۆڵی زۆر بەرچاو بەخۆوە ببینیت.
یەحیا میعماری-رۆژنامەنووس