جام کوردی:
یه‌حیا ئالی ئیسحاق له لێدوانێکدا به ئاماژه به هه‌ل و مه‌رجی ئه‌م ڕۆژانه‌ی ناوچه‌که ڕایگه‌یاندووه که سه‌باره‌ت به ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی توێژینه‌وه‌یه‌کی دوو هه‌زار لاپه‌ڕه‌یی ئه‌نجام دراوه که ئه‌گه‌ر بڕیار بێت په‌یوه‌ندییه‌کانمان له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته تووشی گۆڕانکاری بێت، جێگره‌وه‌ی دیاری کراوه.
ناوبراو سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی هاوکارییه بازرگانی و ئابورییه‌کانی ئێران له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس وتی: له گه‌ڵ ئه‌م وڵاتانه له بواری ئابوری، سیاسی و ئه‌منی په‌یوه‌ندیمان هه‌یه. ڕاشیگه‌یاند: په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانمان به‌رده‌وام و خاوه‌ن پێشینه‌یه‌کی زۆره و بارگرژییه سیاسییه‌کان کاریگه‌ری کورت ماوه له سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییانه داده‌نێن، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک سه‌ر له نوێ بۆ قۆناغی ئاسایی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ژووری بازرگانی تاران وتی: له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ په‌یوه‌ندی ستراتژیکمان هه‌یه و هۆکاری ئه‌مه‌ش، بارودۆخی جوغرافیایی ئێرانه. له درێژه‌شدا وتی: له هه‌ل و مه‌رجی شه‌ڕی عێراق دژ به ئێران، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانمان له گه‌ڵ ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی وه‌ک خۆی مایه‌وه و ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م په‌یوه‌ندییه له ژێر کاریگه‌ری کێشه سیاسییه‌کاندا هه‌ڵکشان و داکشانی هه‌بووه.
ئه‌م که‌سایه‌تییه ئابورییه‌ی ئێران له درێژه‌دا وتی: ڕێژه‌ی ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کانی ئێران له گه‌ڵ وڵاتی ئیمارات ساڵانه زیاتر له 10 ملیار دۆلاره و به پچڕانی په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کان، که‌مترین خه‌سار به ئێران ده‌گات، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که کێشه‌یه‌ک ڕوو بدات، به‌ڵام ڕێژه‌ی هاورده‌کردنه‌کانی ئێران له ئیمارات به‌و شێوازه نییه که به‌م ڕووداوانه تووشی گۆڕانکاری ببێت.
ئالی ئیسحاق ڕوونیکرده‌وه: ڕێژه‌ی ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کانی عه‌ره‌بستان و وڵاتانی گوێڕایه‌ڵی له گه‌ڵ ئێران ئه‌وه‌نده‌ش نییه که کاریگه‌ری نه‌رێنی دابنێت، له ئێستادا ڕێژه‌ی ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و عێراق له نێوان 12 بۆ 15 ملیار دۆلاره.
یه‌حیا ئالی ئیسحاق به ئاماژه به بارودۆخی جوغرافیایی و ژئۆپۆلیتیکی ئێران له گه‌ڵ 15 وڵاتی دراوسێ، جه‌ختی کرده‌وه: بازاڕێکی 400 ملیۆن حه‌شیمه‌تی له ناوچه‌که‌دا هه‌یه که په‌یوه‌ندییه‌کانی پێکه‌وه گرێ داوه، وێڕای ئه‌وه‌ی که به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار سه‌باره‌ت به هاوکارییه‌کان له گه‌ڵ ئیمارات، پێش بینی پێویستیان ئه‌نجام داوه.
ناوبراو له درێژه‌دا وتی: سه‌باره‌ت به وڵاتی ئیمارات دوو هه‌زار لاپه‌ڕه توێژینه‌وه‌مان هه‌بووه و ئه‌گه‌ر بڕیار بێت په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته به‌ره‌و گۆڕانکاری ببرێت، چاره‌سه‌ر و جێگره‌وه‌ی دیاری کراوه که پێویسته چه هه‌نگاوێک هه‌ڵبگرین.
ئه‌ندامی ژووری بازرگانی تاران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند که ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و پلانه‌کانی تایبه‌ت به خۆڕاگری ئابوری جێبه‌جێ بکرێت، بێ گومان هه‌ل و مه‌رجی سیاسی کاریگه‌ریی له سه‌ر که‌رتی ئابوری وڵاتی ئێمه نابێت.
ئالی ئیسحاق به ئاماژه به‌وه‌ی که له توێژینه‌وه‌کاندا جێگره‌وه‌ی ئیمارات دیاری کراوه، وتی: یه‌کێک له‌و وڵاتانه، وڵاتی عۆمانه و جێگره‌وه‌ی دیکه، به‌نده‌ری تراملان له تورکیایه و چه‌ندین ڕێگاچاره‌ی دیکه‌ش هه‌یه.
ناوبراو جه‌ختی له سه‌ر پێگه‌ی باڵای ئێران له ناوچه‌که‌دا کرده‌وه و ڕوونیکرده‌وه: پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس زیانی زۆر به خۆیان ده‌گه‌ێنێت له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێران به درگای ئاڵتوونی په‌یوه‌ندییه‌کان داده‌نرێت.