جام کوردی:
سه‌رۆک کۆماری ڤه‌نزولیا له درێژه‌ی هه‌وڵه‌کانی له پێناو هاوکاری و پێکه‌وه‌بوون له گه‌ڵ ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتدار له پارله‌مانی ئه‌و وڵاته به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی، بۆ ماوه‌ی دوو مانگ بارای نائاسایی ڕاگه‌یاند.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له ۆڵ ستریت ژوورناڵ، نیکۆلاس مادۆرۆ سه‌رۆک کۆماری ڤه‌نزولیا بۆ یه‌که‌م جار له پارله‌مانی نوێی وڵاته‌که‌ی وتارێکی پێشکه‌ش کرد که پاش 17 ساڵ له لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت.
ناوبراو وێڕای دانپێدادان به دۆخی ناله‌باری ئابوری ڤه‌نزولیا، ڕایگه‌یاند که ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌باره‌ت به سه‌رجه‌م پرسه‌کان له گه‌ڵ ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی یه‌کێتی دیمۆکراتیک وتووێژ و دانوستان بکات.
چه‌ند کاتژمێر پێش وتاره‌که‌ی، مادۆرۆ له فه‌رمانێکی حکومی‌دا باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ڕاگه‌یاند. ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش پاش ئه‌وه دێت که نرخی نه‌وت گه‌یشتووه‌ته 24 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک و ئه‌مه‌ش ڕووداوێکی ده‌گمه‌نه له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوو.
له سه‌دا 96ی بودجه‌ی ڤه‌نزولیا به داهاتی نه‌وته‌وه به‌سراوه،
له لایه‌کی دیکه‌وه، بانکی ناوه‌ندی ڤه‌نزولیا ڕۆژی هه‌ینی به بڵاوکردنه‌وه‌ی ئامارێکی فه‌رمی ڕایگه‌یاند که ڕێژه‌ی دابه‌زینی ئابوری ئه‌م وڵاته له سه‌دا 1/7 و هه‌ڵئاوسانی ساڵانه‌ش زیاتر له سه‌دا 141 بووه.
مادۆرۆ له وتاره‌که‌یدا جه‌ختی له سه‌ر پابه‌ندبوون به بنه‌ماکانی سۆسیالیزم بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانی ئابوری کرده‌وه و هۆشداری ئه‌وه‌ی دا که ده‌رفه‌تی په‌سه‌ندکردنی یاسای که‌رتی تایبه‌ت به ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆن نادات.
به‌ده‌ر له‌مه‌ش، ناوبراو له فه‌رمانه حکومییه‌که‌یدا جه‌ختی له‌وه کردووه‌ته‌وه که پێویسته وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی به تایبه‌ت بۆ کاڵا سه‌ره‌کییه‌کان زیاتر بکرێت و تۆڕی دابه‌شکاریش کۆنترۆڵی زیاتری له سه‌ر بێت.