جام کوردی:
به‌رپرسێکی په‌یوه‌ندیدار به دۆسیه‌ی ئێران له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به واژۆکردنی چه‌ندین گرێبه‌ستی ده‌یان ملیار دۆلاری نێوان ئێران، فه‌رانسه و ئیتالیا ڕایگه‌یاند که وڵاته‌که‌ی نابێته ڕێگر له به‌رده‌م بازرگانی ئێران و وڵاتانی جیهان.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سام وربرگ له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به کڕینی 118 فڕۆکه‌ی ئێرباس وتی: ئه‌مریکا ڕێگری له بازرگانی ڕێگه‌پێدراوی ئێران و وڵاتانی دیکه ناکات.
ناوبراو که وته‌بێژی چاپه‌مه‌نی دۆسیه‌ی تایبه‌ت به ئێرانه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، وتی: گرێبه‌سته‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئێران و ئه‌ورووپا چاوه‌ڕوان نه‌کرا نه‌بووه و کۆمپانیا ئه‌ورووپییه‌کان و لایه‌نه‌کانی دیکه که به هۆی گه‌مارۆکانه‌وه بازرگانییه‌کانیان له گه‌ڵ ئێران هه‌ڵپه‌ساردبوو، له ئێستادا ده‌توانن وه‌ها گرێبه‌ستێک له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته واژۆ بکه‌ن.
حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ردانه‌که‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی بۆ ئیتالیا و فه‌رانسه چه‌ندین گرێبه‌ستی به بایه‌خی 50 ملیار دۆلار له گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته واژۆ کردووه، له‌وانه‌ش گرێبه‌ستی کڕینی 118 فڕۆکه‌ی جۆری ئێرباس و ته‌واوکردنی به‌شی دووه‌می فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیمام خومه‌ینی تاران.
وربرگ له درێژه‌دا ڕایگه‌یاندووه: ئێمه دژایه‌تی وتووێژی وه‌ها له گه‌ڵ ئێران ناکه‌ین و نابینه ڕێگر له به‌رده‌م بازرگانی شه‌فاف و ڕێگه‌پێدراو له گه‌ڵ ئێران.
په‌یامنێرێکی ئه‌مریکی له سام وربرگ ده‌پرسێت که ئایا واشنتن سه‌باره‌ت به پشت گوێ خستنی گه‌مارۆکانی دیکه‌ی ئێران هاوکات له گه‌ڵ واژۆکردنی ئه‌م گرێبه‌ستانه‌دا نیگه‌ران نییه؟ وربرگ له وه‌ڵامدا ڕایگه‌یاندووه: واشنتن ده‌یه‌وێت سه‌باره‌ت به هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان پاش جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و گه‌مارۆکانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ، ترۆریزم و پلانی موشه‌کی ئێران که وه‌ک خۆیان ده‌مێننه‌وه، به شێوازێکی ڕوون هه‌ڵسووکه‌وت بکات.