جام کوردی:
قه‌یرانی ئابوری له هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتووه‌ته ئاستێکی مه‌ترسیدار. ناوچه‌یه‌ک که تا دوو ساڵی ڕابردوو شانازیی به گه‌شه‌ی ئابوری خۆوه ده‌کرد له ئێستادا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی وه‌ها بووه‌ته‌وه که مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. له نوێترین ڕووداوی هاوپه‌یوه‌ند له گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه، مانگرتنی فه‌رمانبه‌رانی به‌شی خزمه‌تگوزاری گشتی له سلێمانی گه‌یشتووه‌ته پۆلیسی هاتووچۆ که به هۆی دواکه‌وتنی مووچه‌کانیان مانیان گرتووه. له شاری هه‌ولێریش فه‌رمانبه‌رانی به‌شی ته‌ندرووستی هه‌ڕه‌شه‌ی مانگرتنیان کردووه و ڕایانگه‌یاندووه ئه‌گه‌ر حکومه‌ت گوێ له داواکارییه‌کانیان نه‌گرێت و مووچه‌کانیان نه‌دات په‌ره به مانگرتنه‌کانیان ده‌ده‌ن.
به پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی العرب چاپی له‌نده‌ن، ئه‌مه‌ش له کاتێکدا ڕوو ده‌دات که هه‌رێمی کوردستان به هۆی دابه‌زینی نرخی جیهانی نه‌وت تووشی قه‌یرانێکی که‌م وێنه‌ی ئابوری بووه‌ته‌وه. له هه‌مان کاتدا مه‌سعود بارزانی که هێشتا کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی خۆیی یه‌کلایی نه‌کردووه‌ته‌وه به نیازه که گشتپرسی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ڕێوه ببات، هه‌نگاوێک که به ڕای زۆربه‌ی شاره‌زایان به ئامانجی به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی سه‌باره‌ت به قه‌یرانی دارایی و ئابوری گه‌ڵاڵه کراوه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که به ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان چیدی هیوا به له سه‌دا 17ی پشکی کوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق نامێنێت و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ به‌غدا ڕوو له به‌رزبوونه‌وه ده‌کات. له هه‌مان کاتدا ئاڵ و گۆڕه بازرگانییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و ناوچه‌کانی دیکه به تایبه‌ت ناوچه‌ی باشوری عێراق تووشی کێشه‌ی جیدی ده‌بێت. شاره‌زایان ده‌ڵێن، هه‌رێمی کوردستان ته‌نیا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ پاشه‌که‌وتی ستراتژیکی خۆراکی هه‌یه.
یه‌که‌م جار مامۆستایانی شاری سلێمانی مانیان گرت و به هۆی وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌کانیان که له مانگی سپتمبێره‌وه ڕاوه‌ستاوه، ماوه‌یه‌ک ده‌بێت ئاماده‌ی هۆڵه‌کانی خوێندن نابن.
کاروان محه‌ممه‌د سدیق وته‌بێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ده‌ڵێت: ” ئه‌وانه‌ی که له ناوچه جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن، داوای چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی مووچه‌کانیان ده‌که‌ن “.
دابه‌زینی که‌م وێنه‌ی نرخی نه‌وت بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که قه‌یرانی ئابوری هه‌رێمی کوردستان بگرێته‌وه به‌و پێیه‌ی که حکومه‌ت ناتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بکات. حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان حه‌وته‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند به هۆی قه‌یرانی به‌ربڵاوی ئابوری ته‌نیا به‌شێکی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ دابین ده‌کرێت.
پاش مانگرتنی پۆلیسی هاتووچۆ، که‌سانی خۆبه‌خش له سه‌ر فلکه و چوارڕێیانه‌کان ئه‌رکی ئه‌وانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
له شاری هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان، پزیشکان نامه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تییان ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی کردووه و داوایان کردووه هاوشێوه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌کان، مووچه‌کانیان به ته‌واوی دابه‌ش بکرێت. پزیشکان ڕایانگه‌یاندووه له ئه‌گه‌ری جێبه‌جێ نه‌کردنی داواکارییه‌کانیان مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری ڕاده‌گه‌ێنن.
کوردان له بیره نه‌وتییه‌کانی که‌رکوک، ناوچه‌ی کێشه له سه‌ری نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند که ساڵی ڕابردوو پێشمه‌رگه کۆنتڕۆڵی کردووه و هه‌روه‌ها له هه‌ندێک له بیره نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به سه‌ربه‌خۆیانه و بێ ڕه‌زامه‌ندی به‌غدا له ڕێگای به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌کات و به پێچه‌وانه‌ی ڕێکه‌وتنه‌کان هیچ بڕه پاره‌یه‌ک ڕاده‌ستی حکومه‌تی ناوه‌ند ناکات، به‌غداش له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و گرێبه‌سته نه‌وتییانه ئاگادار نییه. حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له کۆمپانیا خۆماڵییه‌کان بۆ فرۆشتنی نه‌وت پاڵپشتی ده‌کات له کاتێکدا که نرخی نه‌وت گه‌یشتووه‌ته نزمترین ئاست له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوو واته 20 دۆلار له هه‌ر به‌رمیلێک.
شرۆڤه‌کاران ده‌ڵێن ئه‌و قه‌یرانه ئابورییه‌ی که هه‌ڕه‌شه له هه‌رێمی کوردستان ده‌کات به ته‌نیا ده‌ره‌نجام و کاریگه‌ری دابه‌زینی نرخی نه‌وت نییه، به‌ڵکوو به‌شێکی گه‌وره‌ی بۆ سیسته‌می حوکمڕانی هه‌رێمی کوردستان و گه‌نده‌ڵی دارایی و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌شێکی زۆری داهاته‌کانیش ده‌درێته لایه‌نگرانی درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان. هه‌روه‌ها به‌شێکی دیکه‌ی داهاته‌کان بۆ دابین کردنی پێداویستییه‌کانی شه‌ڕی دژ به تیرۆریستانی داعش و مووچه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه ته‌رخان ده‌کرێت.
فارووق یوسف، نووسه‌ری عێراقی ده‌ڵێت: ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتووه‌ته قۆناغی ته‌قینه‌وه و ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی کۆنتڕۆڵ نه‌کرێت، ئیدی به‌رپرسانی کورد هیچ چاره‌سه‌رێکیان بۆ ده‌ربازبوون له‌م ته‌قینه‌وه نابێت.
جێی ئاماژه‌یه ئه‌م بابه‌ته له ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێرانی که به زمانی فارسی بڵاو کراوه‌ته‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه و گوزارشت له بۆچوونی جام کوردی ناکات.