جام کوردی:
خوشک و برایه‌کی جوانڕۆیی پاش 60 ساڵ دابڕان له شاری سلێمانی به یه‌ک شاد بوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حه‌سه‌ن مورادی کوڕی عه‌زه‌م، ته‌مه‌ن 70 ساڵ له شاری جوانڕۆ له کاتێکدا که ته‌مه‌نی که‌متر له 10 ساڵ بووه له خوشکه‌که‌ی به ناوی جه‌مینه مورادی ته‌مه‌ن 85 ساڵه جیا بووه‌ته‌وه. جه‌مینه 15 ساڵ ته‌مه‌نی بووه که له گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رێکی کۆمپانیای نه‌وتی کرماشان هاوسه‌رگیری ده‌کات و به پێی ئیش و کاری هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌چێته شاری خانه‌قین و له‌وێش ده‌مێننه‌وه، پاشان له ئاکامی سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی به‌عسی له ناوچوو و تاوانه بێ هه‌ژماره‌کانی، ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ئێران لێ داده‌خرێت و به ناچار له عێراق ده‌مێننه‌وه. پاش چه‌ندین ساڵ، هاوسه‌ره‌که‌ی جه‌مینه له شاری خانه‌قین کۆچی دوایی ده‌کات و هه‌ر له‌و شاره به خاک ده‌سپێرێت و جه‌مینه‌ش بۆ هه‌میشه ده‌بێته دانیشتووی خانه‌قین.
له‌م ماوه‌دا حه‌سه‌ن مورادی هیچ ئاگاداری ڕه‌وشی ژیان و گوزه‌رانی خوشکه‌که‌ی نه‌بووه و له چاوه‌ڕوانی دیتنی ناوبراودا بووه، به‌ڵام له‌م ماوه‌دا له ئاکامی به‌دواداچوونی بنه‌ماڵه‌که‌ی له هه‌رێمی کوردستان ئاگادار ده‌بێته‌وه که جه‌مینه نیشته‌جێی شاری سلێمانییه و پاش بیستنی ئه‌م هه‌واڵه به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێ ده‌که‌وێت.
سه‌باره‌ت به‌م ته‌وه‌ره حه‌سه‌ن مورادی ڕایگه‌یاندووه که جوانترین کاتی ژیانم ئه‌و کاته بووه که چاوم به دیتنی خوشکه‌که‌م ڕووناک بووه‌وه.
ناوبراو وتی: زۆر ئه‌سته‌مه 60 ساڵ له چاوه‌ڕوانیدا بیت، چاوڕوانی دیتنی خوشکێک که دوا جار له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا به‌دیم کردبوو.
مورادی هه‌روه‌ها وتی: له‌م ماوه‌دا هه‌واڵی دژ به‌یه‌کم زۆر بیستووه و وام ده‌زانی که خوشکه‌که‌م کۆچی دوایی کردووه و هیوام به بینینی نه‌مابوو، به‌ڵام هه‌ندێک کاتیش ترووسکه‌یه‌کی هیوا دڵمی ڕووناک ده‌کرده‌وه که ڕۆژێک ده‌گات خوشکه‌که‌م ببینم و ئێستاش سوپاسی ئه‌و خودایه ده‌که‌م که پاش 60 ساڵ خوشکه‌که‌مم بینیوه.
حه‌سه‌ن مورادی له درێژه‌دا وتی: چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ گه‌یشت که خوشکه‌که‌م له شاری سلێمانییه، به‌ڵام هیچ ناونیشانێکم نه‌بوو که له چه شوێنێکی ئه‌م شاره‌یه. به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌وڵه‌کانم به ئاکام گه‌یشت و خوشکه‌که‌م و بنه‌ماڵه‌که‌یم بینی، خوشکه‌زاکانم بینی و ئێستا هه‌ست به‌وه ده‌که‌م که به‌خته‌وه‌رترین که‌سی ئه‌م جیهانه‌م.