جام کوردی:
سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی شرۆڤه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کیی کرد و هاوکات جارێکی دیکه که‌سایه‌تییه‌کان، گرووپه‌کان و دامه‌زراوه‌کانی ئاماده‌بووی کۆمه‌ڵگای سیاسی ئێرانی بۆ وتووێژ و هه‌نگاونان به‌ره‌و مسۆگه‌ربوونی ڕێکه‌وتنی ناوخۆیی بانگهێشت کرد.
حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی 16ی ڕه‌شه‌ممه وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێرانی میدیا ناوخۆیی و بیانییه‌کانی دایه‌وه. که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌ره‌نجامه‌کانی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و به ناوخۆیی کردنی وه‌ک ئامرازی یه‌کێتی زیاتر له کۆمه‌ڵگای سیاسی له پێناو ده‌سکه‌وتنی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵات له گرنگترین ئامۆژگارییه‌کانی سه‌رۆک کۆمار بوو که له چوارچێوه‌ی وه‌ڵامه‌کانی له‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانیه‌دا خرایه‌ڕوو.
به هۆی گرنگی ئه‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه و پرسه گه‌نگه‌شه‌کراوه‌کان، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی دوو خاڵ به پێویست ده‌زانین:
1)ڕێکه‌وتنی یه‌که‌م و دووه‌م پرسێکی گرنگ بوو که سه‌رۆک کۆمار له‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا شرۆڤه و ڕوونکردنه‌وه‌ی له سه‌ر هه‌بوو. ڕێکه‌وتنی یه‌که‌م به پێی عه‌قڵیه‌تێکی سیاسی و تێگه‌یشتوویی له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و کارامه‌یی دیپلۆماتکارانی ئێران، چه‌ندین ده‌سکه‌وتی گرنگی وه‌ک پاراستنی مافی ناوه‌کی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی به‌دواوه بووه. هاوپه‌یوه‌ند له گه‌ڵ ئه‌مه‌ش، ڕۆحانی به ئاماژه به ده‌سکه‌وته‌کانی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی وتی: به په‌سه‌ندکردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له خاڵی کۆتایی، سه‌رجه‌م گه‌مارۆ و سزا ئابوری، دارایی و بانکی هاوپه‌یوه‌ند له گه‌ڵ دۆسیه‌ی ناوه‌کی هه‌ڵوه‌شانه‌وه. سه‌رۆک کۆمار هه‌روه‌ها ڕوونیکرده‌وه: ئه‌مڕۆ چالاکی بانکه‌کانی ئێران له گه‌ڵ بانکه‌کانی وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌ستیپێکردووه و پرسی سوئیفت چاره‌سه‌ر و بیمه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جێبه‌جێ کراوه. تێچووی گواستنه‌وه‌ی دراوی ئێمه له به‌شی وه‌به‌رهێنان و هه‌نارده‌کاری له سه‌دا 10 و له به‌شی گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی له سه‌دا 25 دابه‌زیوه، هه‌روه‌ها له چه‌ند مانگی ڕابردوو 4 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار سه‌رمایه‌دانه‌ری به ئه‌نجام گه‌یشتووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م ده‌سکه‌وتانه، ئه‌مه ڕاستییه‌کی هه‌ره ڕوونه که ئاشکرابوونی سه‌رجه‌م ده‌سکه‌وته‌کانی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له کورت ماوه‌دا ئه‌گه‌رێکی دووره و مسۆگه‌ربوونیان پێویستی به تێپه‌ڕبوونی کات هه‌یه. ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له ده‌ره‌نجامی ڕه‌وتێکی دژوار و ئه‌سته‌می دیپلۆماتیک هاته ئاراوه. به‌م هۆیه‌وه ئاسه‌واری ڕاسته‌قینه‌ی پێویستی به کاتێکی زیاتر هه‌یه. به پێی وته‌کانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی، ڕێکه‌وتن له گه‌ڵ کۆمپانیا یان وڵاتێک به‌و مانایه نییه که له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا داواکاری و ئامانجه‌کان، جێبه‌جێ و به ئاکام بگات. گۆڕینی لێک تێگه‌یشتنه‌کان بۆ گرێبه‌ست، واژۆکردنیان، هاتنی ده‌سمایه و ده‌سپێکی چالاکییه‌کان ڕه‌وتێکی درێژخایه‌نه و هه‌وڵه‌کان به ئاراسته‌ی ئه‌وه‌دایه که له ده‌رفه‌ته‌کان به باشترین شێواز که‌ڵک وه‌ربگیردرێت. به‌ده‌ر له‌مه‌ش، دابه‌زینی نرخی نه‌وت یه‌ک له‌و کێشانه‌یه که سه‌ره‌ڕای چاره‌سه‌ربوونی هه‌ندێک له به‌ربه‌سته‌کانی تایبه‌ت به گه‌مارۆکان، کاریگه‌رییه‌کانی له سه‌ر دۆخی ئابوری وڵات به‌و ئاسته بووه که ئه‌گه‌ری لێکدانه‌وه‌ی قۆناغی پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئه‌سته‌م و پێویستی به کاتێکی زیاتر هه‌یه. هه‌ر ئه‌م دۆخه‌ش، حکومه‌ت له پرۆسه‌ی جێبه‌جێ کردنی پلان و سیاسه‌ته‌کانی ڕووبه‌ڕووی کێشه ده‌کاته‌وه. له‌م پێناوه‌دا سه‌رۆک کۆمار ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه که ڕێژه‌ی داهاتی نه‌وت له ساڵی 1390ی کۆچی هه‌تاوی، 120 ملیار دۆلار بووه که له ساڵی 1394ی کۆچی هه‌تاوی گه‌یشتووه‌ته 20 ملیار دۆلار، واته یه‌ک له سه‌ر شه‌شی ئه‌و داهاته.
2)ڕێکه‌وتنی دووه‌م به‌شێکی گرنگی دیکه له وته‌کانی سه‌رۆک کۆمار له گه‌ڵ په‌یامنێرانی ئاماده‌بووی ئه‌و کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه بوو. به وته‌ی سه‌رۆک کۆمار، ڕێکه‌وتنی یه‌که‌م تا ڕاده‌یه‌ک کۆتایی هاتووه و له ئێستادا کاتی ڕێکه‌وتنی دووه‌م له پێناو گه‌شه‌ی ئابوری، پێشکه‌وتن، زیاتربوونی هێزی نیشتمانی و بنیات نانه‌وه‌ی ئێرانی ئیسلامی له ژێر سێبه‌ری یه‌کێتی، یه‌کگرتوویی و برایه‌تییه. به گرنگیدان به‌م وتانه ده‌توانین بڵێین که به پێچه‌وانه‌ی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی که کاراکته‌ره جیهانییه‌کان تێیدا ڕۆڵ و کاریگه‌رییان هه‌بووه، کایه‌گێڕانی ڕێکه‌وتنی دووه‌م، کاراکته‌ره ناوخۆییه‌کانن، له‌م ڕووه‌شه‌وه وه‌ک چۆن ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی هه‌ر دوو لایه‌ن تێیدا براوه بوون، ڕێکه‌وتنی دووه‌میش ده‌توانێت ده‌سکه‌وتێکی وه‌های له گۆڕه‌پانی ناوخۆیی هه‌بێت. به‌م پێیه‌ش ده‌توانین ڕێکه‌وتنی دووه‌م به نموونه‌یه‌ک له سه‌ر بنه‌مای وتووێژ، ڕه‌وایه‌تی و وه‌رگرتنی ڕا و بۆچوونی جیاوازی سیاسی بزانین.
ڕۆحانی له کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی دوێنێ وتی: خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار ڕێکارنامه‌یه‌کیان بۆ حکومه‌ت دیاری کرد که ئێمه شه‌ڕ، تۆران و دژایه‌تیمان ناوێت و دواتان لێده‌که‌ین که له گه‌ڵ جیهان هاوکاری نوێ ده‌ست پێ بکه‌ن و ئاوڕێک له ژیانی خه‌ڵک بده‌نه‌وه. به نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی شۆرای ئیسلامیشیان ڕاگه‌یاند که هاوکاری ئێوه چۆن بێت. په‌یامه‌کانی خه‌ڵک هاوشێوه بوون و هه‌مان په‌یامی ساڵی 1392 له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1394 دووپات کرایه‌وه.
به‌م وتانه‌ی سه‌رۆک ڕۆحانی ڕوون ده‌بێته‌وه که به‌شداری زۆرینه‌ی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی ڕه‌شه‌ممه به چه‌شنێک ئامرازی هه‌ڵسه‌نگاندنی تێڕوانینی ئه‌وان سه‌باره‌ت به ده‌سکه‌وته‌کانی کۆماری ئیسلامی به تایبه‌ت له دۆسیه‌ی ناوه‌کی داده‌نرێت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له ساڵی 1392 پیشانی دا که خه‌ڵک خوازیاری که‌شێکی هێمنن له سه‌ر بنه‌مای هاوکاری و پێکه‌وه کارکردن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، گه‌وره‌ترین کێشه‌ی به‌رده‌م ڕێکه‌وتنی دووه‌م، ئه‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ن که وت‌ووێژیان ناوێت و به‌رده‌وام به چاویلکه‌ی ڕه‌ش بینی له ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی ده‌ڕوانن، ئه‌و گرووپانه‌ی که ده‌ره‌نجامی ئه‌م تێڕوانینه‌یان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی ڕه‌شه‌ممه‌دا بینی و پێویست به‌وه ده‌کات به‌م ئه‌زموونه‌وه درگایه‌کی نوێ له پرۆسه‌ی سیاسی وڵات‌دا بکه‌نه‌وه.
کۆتایی ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه که ڕێکه‌وتنی دووه‌م به مانای چه‌سپاندنی ئاشتی و هاوکارییه له ئاستی نیشتمانی، ڕووداوێک که بۆ گه‌یشتن به گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و هه‌مه‌لایه‌نه، پێویستییه‌کی سه‌ره‌کییه.
ئیدریس سلێمانی