بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی، کەناڵی العالم ی ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق گرنگترین بابەتەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت هاوکارییەکانی شەهید سولێمانیی لە ساڵانی شەڕی دژ بە داعش تاوتوێ کردووە.
بەشێک لەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
لەم ڕۆژانەدا لە ساڵیادی تیرۆری شەهیدانی بەرەی خۆڕاگری، شەهید قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس نزیک دەبینەوە. بە بۆچوونی بەڕێزتان ئەمریکا بۆ پەنای بۆ ئەم تاوانە برد؟
سەرەتا پێویستە بەم بۆنەوە هاوخەمی خۆم بە هەموو ئازادیخوازان، شۆڕشگێڕان و بنەماڵەی ئەم دوو شەهیدە ئازیزە ڕابگەێنم و داواش لە خودای گەورە دەکەم شەهیدانی ئازیز بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات.
کاتێک کە شەڕی نێوان دوو وڵات لە لوتکەی نزیک دەبێتەوە، تیرۆری سەرکردەکان و فەرماندەکان دەکەوێتە ڕیزی ئامانجی وڵاتانی داگیرکار. ئەگەر ئەمەش بۆ شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا – کە شەڕێکی زۆر گەورە و بە چەندین ڕەهەندی جیاوازە – بەراورد بکەین، دەزانین کە تیرۆری ئەو فەرماندانەی کە لە سەر ئاستی ناوچەکە دەسکەوت و سەرکەوتنی زۆریان مسۆگەر کردووە، بابەتێکی ئاساییە. ئەم دوو شەهیدە ئازیزە زۆربەی ئەو پیلانانەیان پووچەڵ کردەوە کە بڕیار بوو ئەمریکییەکان لە ناوچەکە جێبەجێی بکەن. بە واتایەکی دیکە، حاجی قاسم سولێمانی بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام زۆربەی ئەو پیلانانەی کە بۆ گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە داڕێژرابوو، پووچەڵ کردەوە.
لە یەمەن تا سوریا و لوبنان و عێراق سەرکردایەتی پووچەڵکردنەوەی پیلان و نەخشەی دوژمنان لە ئەستۆی شەهید سولێمانی بوو و هاوکاری گەلانی ناوچەکە و لایەنە جیاجیاکانی لەم وڵاتانەدا کرد تا خۆڕاگری بکەن و یەکگرتوو بن و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخشە و پیلانەکان بەهێز بن.
من لێرەدا سوریا بە نموونە دێنمەوە، لە پیلانگێڕییەکدا بە بەشداری ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بڕیار بوو حکومەتی دیمەشق بڕوخێت، ئەمەش کۆتایی ئەو پیلانە نەبوو، بەڵکوو گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە و بەرەی نوسرە بەهێز دەکران تا لە وڵاتانی وەک ئۆردن، لوبنان و عێراق چالاکی بکەن و بە ڕۆڵی ئیسرائیل پیلانێکی گەورە لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرا.
هەڵوێستی حاجی قاسم و هاوسەنگەرەکانی ئەوە بوو کە پاڵپشتی و بەرگری لە سوریا بکرێت و ئەوان خۆڕاگری بکەن. من بە ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەگەر کەوتنی دیمەشق لە ئارادا بێت سوپای عێراق دەبەینە گۆڕەپانەکەوە و لە سوریا شەڕ دەکەین. لە بەر ئەوەی کە کەوتنی دەسەڵاتی سوریا بە واتای قەیرانێکی گەورە و ئاڵۆزییەکی بەربڵاو لە ناوچەکە دەبێت. حاجی قاسم هێمای بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێکی ڕووخانی دەسەڵاتی دیمەشق بوو و ئەم ڕۆڵەشی لە یەمەن، لوبنان و عێراق دەگێڕا. هەر بۆیە ئاسایی بوو کە ئەگەر ئەمریکا ئەو فەرماندە گەورەیە بکاتە ئامانج. بە زمانێکی سادە دەڵێم، لە بەر ئەوەی کە حاجی قاسم سەرجەم نەخشە و پیلانەکانی ئەوانی کە تێچوویەکی زۆری بۆ دەکرا، پووچەڵ کردەوە.
کاتێک کە داعش هێرشەکانی دەستپێکرد و چەند ناوچەیەکی داگیر کرد ئێوە سەرۆک وەزیرانی عێراق بوون و داواتان لە ئەمریکا کرد کە بە پێی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان هەر دوو وڵات پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەڵام بەرپرسانی واشنتن ئەو بەڵێنانەیان پشتگوێ خست و ئێوە پەیوەندیتان بە تاران و حاجی قاسمەوە کرد. دەکرێت وردەکاری زیاتر لە سەر ئەمە ئاشکرا بکەن؟
ئێمە داوامان لە ئەمریکا نەکرد کە بە پێی ڕێکەوتنی ئەمنی هاوکاریمان بکات بەڵکوو داوامان کرد کە ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات. لە نێوان عێراق و ئەمریکا ڕێکەوتنێکی چوارچێوەی ستراتیژی هەیە کە ئەگەر دیمۆکراسی لە عێراق بکرێتە ئامانج و مەترسیی لە سەر بێت، لە سەر داوای حکومەتی عێراق، ئەمریکییەکان دەبێت هاوکاری پێویست بکەن، نەک ئەوان بێنە عێراق و لە شەڕەکەدا بەشداری بکەن. ئێمە داوامان لە ئەمریکا کرد کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە، چەکمان ڕادەست بکات، ئەو چەکانەی کە پارەمان دابوو، لە بەر ئەوەی کە شەڕی قاعیدە و داعش و لایەنگرانی ئەو گرووپانەمان دەکرد و بە هەموو چەکێکی پێشکەوتوو تەیار بوون، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سوپای ئەو کاتەی عێراق هێندە چەکی پێشکەوتووی نەبوو، ئەمریکییەکان ڕێگرییان لەوە دەرکرد کە چەک و مووشەک بە دەستمان بگات، هەر بۆیە داوامان کرد کە بە پێی ڕێکەوتنەکە هەنگاو بنێن.
بۆ ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان جێبەجێ نەکرد؟
کێشەکە لەمەدایە، ئێمە ڕێکەوتنمان کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، ڕێکەوتنەکە لە سەردەمی بۆش و کۆماریخوازەکاندا بوو، کشانەوەش لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما و دیمۆکراتەکاندا بوو. پێدەچێت کە لایەنی ئەمریکی هێندە ڕەزامەندیی لە سەر ئەو کشانەوە نەبووبێت، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی و کێشە لە ئەمریکا ڕوویدا، لە سەر ئەوەی کە تێچوویەکی زۆر لە عێراق بەکار هاتووە و ژمارەیەک لە هێزەکان گیانیان لە دەست داوە و ئێستا بە بێ هیچ دەسکەوتێک کشاوینەتەوە. پاش ئەوە بوو کە سزادانی عێراق و حکومەتی نوری مالیکی کە لەو کشانەوەدا ڕۆڵی گەورەی هەبوو، دەستیپێکرد.
دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا حکومەتەکانی ڕابردووی وڵاتەکەیی بەوە تۆمەتبار کرد کە هۆکاری پێکهێنان و سەرهەڵدانی داعش بوون، ئێمە ئەگەر نەڵێین کە ئەوان پێکهێنەری داعش بوون، بەڵام لە بەرامبەریدا بێدەنگ بوون و هاوکاری سەربازیی ئێمەیان ڕاگرت و لایەنی عێراقییان لە بەرژەوەندی داعش لاواز کرد، لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕووی دەدا، سزادانی عێراق بوو.
سزاکانی ئەمریکا وابوو کە تەنانەت ئەگەری کەوتنی بەغدا لە ئارادا بوو. بۆچوونی ئێوە لە سەر ئەمە چۆنە؟
بەڵێ، بەڵام تەنانەت ئەگەر بەغداش داگیر دەکرا، ئەمانە نەدەبوونە دەسەڵاتدارانی عێراق. داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە پێشڕەوی دەکەن، شەڕ دەکەن بەڵام لە ئاکامدا شکست دەهێنن و ناتوانن پارێزەری لە هیچ سەرکەوتنێک بکەن، ئەگەر داعش لەو کاتەدا سەرکەوتنیشی بە دەست دەهێنا، عێراق دیسانەوە لای عێراقییەکان دەمایەوە.
حکومەتی ئەمریکا لەو کاتەدا هیچ هاوکارییەکی نەکرد، ئێران و حاجی قاسم چۆن هاوکاری عێراقیان کرد؟
بە ڕاشکاوانە داوای چەک و پێداویستی سەربازیمان لە ئەمریکا کرد، هەندێک لە کەرەستە سەربازییەکانی وەک تانکی ئەمریکیمان هەبوو بەڵام تەواو نەبوون، هەوڵماندا کە ئەو کەموکوڕییە لە ڕێگای حکومەتی میسرەوە پڕ بکەینەوە، ئەوانیش قبووڵیان نەکرد، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا کڕینی ئەو چەکانەی مەرجدار کردبوو، تەنانەت کۆپتەر و فڕۆکەی ئێف 16 بە یەک ساڵ دواکەوتنەوە بە ئێمە درا و بەم ڕێوشوێنانە هێزی ئێمەیان لاواز کرد. ئێمە چەکمان هەبوو بەڵام لە ئاستێکدا نەبوو کە ڕوبەڕوی گرووپێکی تیرۆریستی وەها بەو پاڵپشتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە ببینەوە. لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵی دابینکردنی چەکمان دەدا، پەیوەندیمان بە پۆڵۆنیا و بۆلگاریاوە کرد و لە سەر کڕینی چەک ڕێکەوتین، بەڵام ئەو چەکانەش درەنگ بە دەستمان دەگەیشت و ئێمە لە هەلومەرجێکی دژواردا بووین، شەڕەکە لە سنورەکانی بەغدا و کەربەلا و سامەڕا بوو، هەر بۆیە لە گەڵ حاجی قاسم ڕێکەوتین کە ئێران چەک بە ئێمە بدات، ئەمەش هاوکارییەکی گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت حاجی قاسم بوو.
چۆن پەیوەندیتان بە حاجی قاسمەوە کرد و داواکارییەکە چۆن بوو؟
من پەیوەندییەکی ئاساییم لە گەڵ ئەوان هەبوو و بەردەوام سەردانمانی دەکرد و پێکەوە کۆدەبووینەوە.
ڕاستەوخۆ؟
بەڵێ، بە شێوازی ڕاستەوخۆ، ئەو لە بەغدا بوو و پرسیاری کرد کە چۆن دەتوانین هاوکاری ئێوە بکەین، منیش وەڵامم دایەوە کە چەکمان پێبدەن، چەک بە ئێمە بفرۆشن بەڵام بە پەلە چەکمان دەوێت، ئەو پیاوە و ڕێبەری باڵای ئێران دەستبەجێ بڕیاری هاوکاری ئێمەیان دا، ئەگەر ئەمڕۆ ئەو ڕێکەوتنەمان دەکرد سبەی چەکەکان بە دەستی ئێمە دەگەیشت و وەک ئەمریکا و وڵاتانی دیکە نەبوو و لە زووترین کاتدا چەکەکان دەگەیشتە عێراق و بەرەکانی شەڕ، ئەگەر پێویستی بە ڕاوێژکاری سەربازیش دەکرد ئێرانییەکان لە بەرەکانی شەڕ بۆ فێرکردنی ئامادە بوون، ئەمەش خاڵێکی گرنگە سەبارەت بە ئێران و حاجی قاسم کە نابێت لەبیری بکەین، ئەوان بە دابینکردنی چەک لە بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوکاری ئێمەیان کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی هاوکاری ئێمەی کرد، ئێمە فڕۆکەمان هەبوو، کۆپتەرمان هەبوو، بەڵام ئەو فڕۆکەی کە بۆ بۆردومانی ئاسمانی تیرۆریستان پێویست بوو، لای ئێمە نەبوو، داوای هاوکاریمان لە حاجی قاسم کرد کە سوخۆی شەڕکەر بە عێراق بدەن، بە خێرایی 8 فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ بە هەموو مووشەکێکی پێویستەوە بە عێراق درا، فڕۆکەوانە عێراقییەکان سەردانی ئێرانیان کرد و بەو فڕۆکانە گەڕانەوە و ڕاستەوخۆ بۆردومانی بنکە و مۆڵگەکانی داعش و بەرەکانی شەڕیان کرد، ئەگەر ئەو فڕۆکانە نەبوون، دۆخەکە بۆ ئێمە دژوار دەبوو، ڕووسیاش ژمارەیەک فڕۆکەی سوخۆی بە ئێمە دا.
ئاماژەتان بەوە دا کە ئاشنایەتی زۆرتان لە گەڵ حاجی قاسم هەبووە، ئایا دەکرێت یەکێک لە بیرەوەرییەکانتان بگێڕنەوە؟
من لە ڕاستیدا حاجی قاسمم نەدەناسی، یەکەم جار ڕۆژی ڕووخاندنی پەیکەرەکەی سەدام و کۆتایی حکومەتی بەعس لە کۆبوونەوەیەک لە تاران لە گەڵ سەرکردەکانی حیزبی دەعوە لە گەڵ ئەوان کۆبوومەوە، لەو کاتەدا بوو کە حاجی قاسمم ناسیەوە. لە بەر ئەوەی کە من لە سوریا بووم تا لە ئێران، ئەو 7 ساڵەش کە لە ئێران ژیام، لە بنکەی سەربازی ئەهواز و لە نێو هێزەکانی شەهید سەدر بووم، لەو کۆبوونەوەدا لە گەڵ حاجی قاسم بڕیاری ئەوەمدا کە بۆ عێراق بگەڕێمەوە، ئەڵبەت هاوڕێکانم هەوڵی ئەوەیاندا کە من لە تاران بۆ چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە بمێنمەوە بەڵام وتم کە حکومەت ڕووخاوە و کەوتووەتە دەستی هێزی دەرەکی و مانەوە لێرەدا مانایەکی نییە.
ئەو شەوە گەڕامەوە عێراق و پاشان کۆبوونەوەم لە گەڵ حاجی قاسم نەبوو تا لە ساڵی 2006 و کاتێک سەرۆک وەزیران بووم و لە ماڵی سەید عەبدولعەزیز حەکیم بۆ خوادرنی بەیانی پێکەوە بووین، لەوێدا بوو کە لە گەڵ حاجی قاسم زیاتر ئاشنا بووم و هەر لەوێشەوە بەردی بناغەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە سەرجەم بوارەکان دانرا، ئەڵبەت بە هاتنی داعش و هاوکارییەکانی ئێران پەیوەندییەکان ڕوویان لە گەشەسەندن کرد. حاجی قاسم لە عێراق ئامادە بوو، ئەگەر دەگەڕایەوە ئێران تەنیا یەک ڕۆژ یان دوو ڕۆژ بوو و پاشان دەگەڕایەوە، لە بەر ئەوەی کە گیان و کاتی خۆی و سەرجەم ئیمکانیاتی بۆ هاوکاریکردنی عێراقییەکان دانابوو. لە زنجیرە شاخەکانی حەمرین کە گەیاندنی هەندێک چەک بۆ ئێمە دژوار بوو، لە ڕێگای تایبەتەوە چەکەکانی دەگەیاندە بەرەکانی شەڕ، تەنانەت ئەگەر ئەو چەکانە تۆپخانە دەبوون، دەتوانم بڵێم کە ئەوەی بۆ شەڕی داعش پێویست بوو، لە لایەن حاجی قاسمەوە بۆ عێراق دابین دەکرا. هەرزانتر لە هەر شوێنێک چەکەکان بۆ ئێمە دابین دەکرا، ئەمە پەیوەندی من و حاجی قاسم بوو، پەیوەندییەک یاسایی، بەرپرسانە و دۆستانە. سەردانی ماڵی منی دەکرد، هێشتا نەخشە سەربازییەکانی حاجی قاسم لە سەردەمی شەڕی داعش لای من ماونەتەوە.
تیرۆری حاجی قاسم سولێمانی وەک میوانی حکومەتی عێراق لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بە تاوانێکی گەورە دادەنرێت. بەرپرسیاریەتی حکومەتی عێراق چییە؟ ئەگەر ئێوە لە جێی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران دەبوون چۆن لە گەڵ ئەم دۆسیەدا هەڵسووکەوتتان دەکرد؟
یەکەم ئەوەی کە ئەمە تاوان و پێشێلکردنی سەروەری عێراق بوو، دووەم ئەوەی کە میوانێکی پلەبەرز و ئازیزی عێراقییەکان کرایە ئامانج و سێهەم ئەوەی کە ئەم تیرۆرە لە شێوازی کاری گرووپ و باندەکان دەچێت نەک ئەمریکا کە درووشمی ئازادی و دیمۆکراسی سەر دەدات، ئێمە و زۆربەی وڵاتانی جیهان تاوانەکەمان ئیدانە کرد.
ئاساییە کە کاتێک تاوانەکە لە سەر خاکی عێراق ڕووی داوە، حکومەت دەبێت ئەنجامدەرانی بناسێت و ڕادەستی دەزگای دادی بکات و ئەوەش ڕابگەێنێت کە ئایا کەسێک یان لایەنێکی عێراقی دەستی تێدا هەبووە یان نە، یان ئەوەی کە ئایا لایەنەکانی ناوچەکە دەستیان تێدا هەبووە یان نە، ئەڵبەت باس کراوە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە کام بنکەی سەربازی فڕیون و ئۆتۆمبێلەکەی حاجی قاسم و ئەبومەهدی موهەندسیان کردە ئامانج، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە کێ هەواڵی گەیشتنی حاجی قاسمی بۆ بەغدا بە ئەمریکییەکان دا، یان ئەوەی کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەرچووە، ئەمەش پێویستی بە وردبینی و لێکۆڵینەوەی تەواو هەیە و ئەنجامەکەشی دەبێت ئاشکرا بێت.
ئایا پێویستی بەوە دەکرد کە حکومەتی عێراق لە پاش تاوانە تیرۆریستییەکە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا ڕابگرێت؟
پچڕانی پەیوەندییەکان کۆمەڵە دۆسیەیەک لە خۆ دەگرێت، سادە نییە کە لە گەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە لەم ئاستەدا لە کاروباری عێراق دەستێوەردانی هەیە پەیوەندییەکان ڕابگرین، لە بەر ئەوەی کە هێزەکانی لە خاکی ئێمەدان و پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیمان لە گەڵیدا هەیە، ئەڵبەت دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەم تاوانە ئیدانە بکرێت، کاتێک دەستە نهێنییەکانی ئاشکرا ببێت دەبێت سزا بدرێن، وەک چۆن کە بەڵێنی ئەمەیان بە ئێمە داوە.
کۆتایی/.