بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە تاران نازانێت چ لایەنێک باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکاتە ئامانج و هیچ کات کردەوەی لەم شێوەیە پەسەند ناکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا وتی کە لە ئێستادا باشترین پەیوەندی لە بوارە جیاجیاکان لە گەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی هەیە.
مەسجدی وتی کە کازمی لە دۆستانی کۆنی ئێرانە و پەیوەندییەکانی تاران لە گەڵ ناوبراو زۆر باشە.
باڵیۆزی ئێران تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسی لە لایەن ئەمریکاوە بە تاوانێکی مێژوویی ناو برد و وتی کە مافی وەڵامدانەوە و تۆڵە لە ئەمریکییەکان بۆ ئێران پارێزراوە.
وتیشی کە ئەو تۆڵەسەندنەوە تەنیا بە ڕێگای سەربازی نابێت و دەرکردنی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دەتوانێت وەک تۆڵەی خوێنی شەهیدانی فەرماندە بێت.
باڵیۆزی ئێران بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان بە بڕیارێکی بوێرانە ناو برد و وتی کە تاران و بەغدا لەو دۆسیەیە پێکەوە هاوکاری دەکەن./.