بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسرووڵا ڕەشنودی سەرکۆنسوولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بەشداری چین و توێژەکانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید سولێمانی پیشاندەری ئەوەیە کە خەڵکی هەرێم قەدرزانی ئەو شەهیدە ئازیزەن.
ناوبراو وتی: خەڵکی هەرێم و پارێزگاکانی وەک نەنیەوا کە بەشدارییان کرد جەختیان لەوە دەکردەوە کە شەهید سولێمانی تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە و پەیوەندییان بە جیهانی ئیسلام و تەنانەت مرۆڤایەتی بە گشتی هەیە.
سەرکۆنسووڵی ئێران بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستانیش وتی کە ئاستەنگەکانی وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش نەبوونە ڕێگر لە بەردەم گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و پێشبینی بەرەوپێشچوونی ئەم پەیوەندییانە لە ساڵی نوێدا دەکەین.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید سولێمانی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و حکومی و چین و توێژە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنسووڵخانەی هەولێر بەڕێوەچوو. دەکرێت هەندێک وردەکاری بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە باس بکەن؟
سەرەتا بە پێویستی دەزانم یاد و بیرەوەرییەکانی شەهیدانی خۆڕاگری، شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانی ئەوان بەرز ڕابگرم.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای بەریتانی بووە هۆی ئەوەی کە بەڕێوەچوونی هەر ڕێوڕەسم و گردبوونەوەیەک قەدەغە بکرێت و ئێمەش بۆ ڕێزگرتن لەم بڕیارەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتی خەڵک و لایەنگران و دۆستانی شەهید سولێمانی و بەرپرسانمان نەکرد.
بەڵام لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە هاوکات لە گەڵ ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید سولێمانی لە بینای کۆنسووڵخانە پێشوازیمان لە خەڵک و بەرپرسان و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد. لەو دوو ڕۆژەدا لایەنە سیاسییەکان شاندەکانیان بۆ دەربڕینی هاوخەمی خۆیان ناردە کۆنسووڵخانە و لە میانەی وتووێژ و لێدوانەکانیان ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی تیرۆریستی ئەمریکایان ئیدانە کرد. ژمارەیەک لە ئێرانییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانیش وەک ڕێزێک بۆ شەهیدی نیشتمانی خۆیان بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کرد. بەڕێوەبەر و مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەی ئێرانی و بەڕێوەبەران و ئەندامانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بەشدارییان کرد. لە پارێزگای دهۆک و نەینەوا و لە قەزا دوورەکانی وەک تەلعەفەر خەڵک بەشدارییان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێمە هیچ ڕاگەێندراوێکمان لە سەر بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە پێشتر نەبووە.
وەک ئاماژەتاندا کە هیچ ڕاگەێندراوێک پێشتر بڵاو نەکراوەتەوە و خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بە پێی زانینی بەرواری ساڵۆگەڕی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ئەمریکا بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد. ئەم هەڵوێستەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بە پیشاندەری چی دەزانن؟
شەهید سولێمانی ساڵانێک ژیانی خۆیی کردە قوربانی خزمەت گەیاندن بە خەڵک. لوتکەی هاوکارییەکانی شەهید سولیمانی بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەری بەرەنگاربوونەوەی داعش بوو، ئەوان لە گەڵ ئەم خەڵکە کە بەشداری ڕێوڕەسمەکەیان کرد لەو شەڕەدا هاوکارییان کرد. لە هەر قۆناغ و مەترسییەک شەهید سولێمانی هاوکاری خەڵک و هێزەکانی عێراقیان دەکرد، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە دڵی خەڵکدا شوێنی ئەو شەهیدە ئازیزە ببێتەوە و یاد و بیرەوەرییەکانی لەبیر نەکەن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەی ئێمەدا کرد جەختیان لەوە دەکردەوە کە شەهید سولێمانی تەنیا پەیوەندی بە ئێرانییەکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە جیهانی ئیسلام و مرۆڤایەتی بە گشتی هەیە.
داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکانی وەک سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیری بە تایبەت لە ساڵی 2021 چۆن دەبینن؟
لە ساڵی 2020 سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڕیارەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ئێران و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە ئاستێکی قبووڵکراودا بووە و لە ساڵی نوێش پەرە بەم پەیوەندییانە دەدەین. ئێمە ئامادەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانین و دۆستانی هەرێمی کوردستانیش ئیرادەی خۆیان لەم بوارەدا پیشان داوە.
کێشەیەکی گەورەمان لە بەردەم پەیوەندییەکانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان نییە بەڵام لە ئێستادا پرسی هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران هەیە کە سنوردار کراوە و هەوڵ دەدەین کە خەڵک بە ئاسایی و وەک جاران هاتووچۆ بکەن، هەروەها دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان هەر دوو لاش هەوڵ دەدرێت وەک جاران ئاسایی ببێتەوە.
وتووێژ: ڕەزا ڕەحمەتیان