بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆس بەیکر مامۆستای زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانی ئەمریکا لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی وتی: کۆتایی سەردەمی ترەمپ هاتووە و پێم وایە کە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن بە دەرفەتێک بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دادەنرێت و ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ دەدات. سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا لەو بەرپرسانەی پێشووی کابینەی باراک ئۆباما کە ڕۆڵیان لە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێراندا هەبووە کەڵک وەردەگرێت و ئەم لێکچوونەش وا دەکات کە دەرفەتێک بۆ ئێران بێتە پێشەوە تا بە هەوڵی هاوبەش بتوانن ڕێکەوتنی ناوەکی ڕزگار بکەن.
ناوبراو وتی: بایدن سەردەمێکی نوێ لە کۆشکی سپی دەست پێدەکات و ئێران لەم دەرفەتە دەتوانێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئەمریکا کەڵک وەربگرێت. بایدن بە دڵنیاییەوە کە ئاڵۆزییەکان دادەبەزێنێت، هەر بۆیە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ ئێران. پێشتریش ئەوەم باس کردووە کە کاندیدی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باشترین ڕاوێژکارە بۆ بایدن. ئەمریکا هەموو شتێکی نوێ دەست پێدەکاتەوە و دەتوانین ڕێکەوتنێکی نوێ بە هەوڵ و هاوکاری هاوبەش ببینین.
ئەم شرۆڤەکارە ئەمریکییە وتی: پێویستە ئێرانیش ئەوە پیشان بدات کە دەیەوێت ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە و کاراکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکیی دەوێت.
ڕۆس بەیکر لە درێژەدا وتی: لە سەردەمی بایدن پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپاش تووشی گۆڕانکاری دەبێت، وڵاتانی ئەورووپی درێژە بە بازرگانی نێوانیان لە گەڵ ئێران دەدەن بەو هیوایەی کە تاران لە دۆسیەی ناوەکی پابەندی بەڵێنەکانی بمێنێتەوە و بتوانن ڕێکەوتنی ناوەکی پێکەوە لە لەناوچوون بپارێزن. ئەگەر ئێران و ئەمریکا واز لە زمانی هەڕەشە بێنن، هەلومەرجی پەیوەندی دۆستانە دابین دەکرێت.