شارەزایەکی سیاسی کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاماژە بەوەی کە ئامانج لە بڕیاری دوورخستنەوەی ترەمپ ڕێگرییە لە هەر چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوبراو لە داهاتوودا، وتی: لە ئێستادا ترەمپ هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێقداد مەلەکی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی دوناڵد ترەمپ وتی: لەم هەلومەرجەدا ڕەنگە کاتەکەی زۆر کەم بێت بەڵام هێشتا ئەگەری دوورخستنەوەی دوناڵد ترەمپ لە ئارادایە و بە وتەی نانسی پلۆسی، ترەمپ هێشتا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایە و مەترسی بڕیارەکانی ڕەنگە ئەمریکا و جیهان ڕوبەڕوی کارەسات بکاتەوە.
ناوبراو وتی: ئامانج لە هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی دوناڵد ترەمپ ئەوەیە کە ڕێگری لە چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراو لە خولەکانی داهاتوودا بکرێت، لە ڕاستیدا ئەوانەی هەوڵی دوورخستنەوەی دەدەن، دەیانەوێت ڕێگری لەوە بکەن جارێکی دیکە ببێتەوە کاندیدی سەرۆک کۆمار.
ئەم شارەزای کاروباری نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە ترەمپ 70 ملیۆن دەنگی هێناوە و خۆی وەک نوێنەری بیرکردنەوەیەک لە ئەمریکا پیشان دەدات.
مەلەکی وتی: پێشبینی من ئەوەیە کە ژمارەیەک لە کۆماریخوازەکان هاوڕای دیمۆکراتەکانن کە ترەمپ دەبێت دووربخرێتەوە، ئەڵبەت ئەگەر واش نەبێت لە پاش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی ڕوبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە هەروەها وتی: لە ئێستادا ترەمپ تەنیا بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە، ڕەنگە هەوڵەکانی بە ئاراستەی ئەوەدا بێت کە شەڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنێتەوە تا بەمە شکستەکانی پەردەپۆش بکات.
وتیشی: تەنانەت ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوەکی لە دژی وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا یان کۆریای باکور لە ئارادایە تا بەمەش وا پیشان بدات کە ئەمریکا لە مەترسیدایە و باری نائاسایی ڕابگەێنێت و پرۆسەی ڕادەستکردنی دەسەڵات دوابخات.