کۆئەندامی بەرگری پێکهاتووە لە چەندین خانە، شانە، ئەندام و پرۆتین کە دژی بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕو شەڕ دەکات. ئەوەندە هەستیار و بەتوانایە کە دەزانێت کام خانە یان چ تەنێکی بێگانە لە لەشدایە. لە سەر ڕوپۆشی دەرەوەی خانەکانی کۆئەندامی بەرگری، ئەنتیجێن هەیە کە ڕۆڵی ناسینەوەی دۆست و دوژمنی هەیە، هاوکات بڕیار دەدەن شەڕی لە گەڵ بکەن یان وازی لێبهێنن.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند نیشانەیەک دەریدەخات کە سیستەمی بەرگری لەش لاوازە. لێرەدا ئاماژە بەوانە دەدرێت:
زوو زوو نەخۆش دەکەویت و تووشی پەتا و هەڵامەت دەبیت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە سیستەمی بەرگری لەشت باش کار ناکات بۆ ئەوەی کە لە نەخۆشییەکان بتپارێزێت.
شەکەتی بەردەوام و هەستکردن بە لاوازی، لە هەمان کاتدا دەکرێت ئەم نیشانانە ئاماژەیەک بێت بۆ کێشە لە هۆرمۆنەکانی جەستە، نەخۆشی دەروونی و سترێسی زۆر.
کرداری هەرست ناچالاکە و گرفتت هەیە لە هەرسکردنی خۆراک و زۆر کات گەدەت تووشی ترشان دەبێت.
برینەکانی جەستەت زۆر درەنگ ساڕێژ دەبن و خانەکان بە زوویی گەشە ناکەن، هاوکات دەکرێت ئەمە لە ئەنجامی کەمی زینک و نەخۆشی شەکرەش ڕوو بدات.