وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2020 دا 40 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2020 دا گەیشتووەتە 40 ملیۆن و 150 هەزار کەس.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ڕێژەی ڕەگەزی نێر لە سەدا 50.50 بووە و ڕێژەی ڕەگەزی مێ لە سەدا 49.50 بووە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2020 لە سەدا 2.6 بووە.
ڕاگەێندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی ئابورییەوە چالاکن و تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدایە زۆرترین ڕێژە بوون لە دانیشتووانی عێراق، بە جۆرێک کە لە سەدا 56.6 ی دانیشتووانی ئەم وڵاتەیان پێکهێناوە. هەروەها ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان سفر تا 14 ساڵدایە زیاتر لە سەدا 40 یان پێکهێناوە، ڕێژەی بەساڵاچوانیش لە نێوان 65 ساڵە بەرەو سەرەوە بووە کە کەمترین ڕێژەیە و نزیکەی لە سەدا 3.1 بووە.