بەرپرسی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەمریکا کرد کە ناوی گرووپی ئەنسارووڵا نەخرێتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە بەر ئەوەی کە بەم بڕیارە یەمەن دەگاتە گەورەترین قاتوقوڕی 4 دەیەی ڕابردوو.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارک لوکۆک لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی کە یەمەن بە تەواوی پشت بە هاوردەی کاڵا دەبەستێت و سزادانی دەتوانێت 16 ملیۆن کەس تووشی برسێتی بکات.
ناوبراو وتی کە لە سەدا 90 ی مادە خۆراکییەکان لە یەمەن لە ڕێگای هاوردەوە دابین دەکرێت و دامەزراوە خێرخوازییەکان تەنیا بەشێک لەم ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە یەک لە سەر سێی دانیشتووانی یەمەن کاریگەرییان لە سزا و گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە بەردەکەوێت.
لوکۆک وتی کە بەتیرۆریست ناساندنی گرووپی ئەنسارووڵای یەمەن دەتوانێت ئەم وڵاتە ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بکاتەوە.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سزادانی گرووپی ئەنسارووڵای یەمەن لە کۆتا ڕۆژی دەسەڵاتی ترەمپەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.