شرۆڤەکارێکی باڵای کاروباری نێودەوڵەتی جەختیکردەوە کە گەڕانەوەی خێرای ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا دەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد بە ئاماژە بە بەیاننامەکەی سێ وڵاتی ئەورووپی و لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران، وتی: ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوو ئاستی پابەندبوونی بە بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکی دابەزاندووە، لەو کاتەوە کە پرسی پیتاندنی لە سەدا 20 ی یورانیۆم هاتە پێشەوە، نیگەرانی وڵاتانی ئەورووپی زیاتر بووە.
ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە ئێرانیش بیر لەوە دەکاتەوە کە بە پێی هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی ئەمریکا هەلومەرجی وتووێژ لە سەر گەڕانەوەی ئەو وڵاتە دابین دەکرێت و نیگەرانە لەوەی کە لایەنی بەرامبەر مەرجی بۆ ئەو گەڕانەوە هەبێت، هەر بۆیە ئێران دەیەوێت دەستی باڵای هەبێت یان لانیکەم باڵانسی هێز ڕابگرێت، بۆ ئەوەیە کە دەبینین بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنانەت بەرپرسانی دەستنیشانکراوی ئیدارەی بایدن لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئێران کاردانەوەیان هەبووە.
فەرەجی ڕاد بە ئاماژە بەوەی کە هیچ یەک لەو وڵاتانە مەرجی فەرمی و ئاشکرایان ڕانەگەیاندووە، وتی: ئەگەرچی باس لە دانوستانی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران دەکرێت بەڵام نە ئەمریکا و نە وڵاتانی ئەورووپی بە فەرمی مەرجی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئاشکرا نەکردووە.
ناوبراو وتی: وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی کردووە کە مەرجێکی تێدا نابینرێت بەڵام دواتر باسی دۆسیەی مووشەکیی کردووە. بە پێی پیتاندنی لە سەدا 20 ی یورانیۆمی ئێران پێدەچێت وڵاتانی ئەورووپی ئەو دۆسیانە لێک جیا بکەنەوە و بڵێن سەرەتا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێینەوە و دواتر لە سەر پرسی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران دانوستان دەکەین.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە لە درێژەدا سەبارەت بە دەنگۆی پەیوەندی نوێنەرانی حکومەتی نوێی ئەمریکا لە گەڵ ئێران و ئەگەری گەڕانەوەی بەپەلەی ئەو وڵاتە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ڕەنگە کاتێکی زۆری نەوێت، ئەگەر لایەنی ئەمریکی وانە لە ڕابردوو وەربگرێت پێویستە بە بێ مەرج و بەپەلە بۆ ئەو ڕێکەوتنە بگەڕێتەوە. گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان دوو هەنگاوی گونجاوی بەردەم ئەمریکای بایدن دەبێت. ئەگەر پرۆسەی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی درێژخایەن بێت لایەنەکانی وەک ڕژێمی زایۆنیستی، ئیمارات، سعوودیە و تەنانەت وڵاتانی ئەورووپی و لایەنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا کاریگەری لە سەر پرۆسەکە دادەنێن، هەر بۆیە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە کە بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیشەوە بێت، لە زووترین کتادا بۆ ئەو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە بگەڕێتەوە و ئەوەشیان لە ئێران بوێت کە بۆ بەڵێنەکانی بگەڕێتەوە، ئەڵبەت بە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان.
عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد لە کۆتاییدا وتی کە پێشبینی دەکرێت لە پاش دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن، وندی شرمەن جێگری دەستنیشانکراوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی وڵاتانی ئەورووپی بکات و لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ ئەو وڵاتانە وتووێژی هەبێت.