سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەمڕۆ کۆتایی حکومەت و تەنانەت ژیانی سیاسی دوناڵد ترەمپە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەمریکا وتی لە چوار ساڵی ڕابردوو، چوار ساڵی زوڵم و پێشێلکردنی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان بوو.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ چاوەڕوانیی ئێمە لەوانەی ئیدارەی کۆشکی سپی دەگرنە دەست، ئەوەیە کە بۆ یاسا و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان بگەڕێنەوە و ئەگەر بتوانن لەم چوارساڵەدا پەڵە ڕەشەکانی ڕابردوو پاک بکەنەوە، گۆڕانکاری دەخوڵقێنێت، ئەڵبەت هەندێک لە پەڵە ڕەشەکانی ئەمریکا پاککردنەوەیان نییە.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەگەر ئەمریکا بە پێی بڕیاری 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە و ڕاستگۆیانە ڕێز لە یاساکان بگرێت، ئاساییە کە ئێمەش بۆ سەرجەم بەڵێنەکانمان دەگەڕێینەوە.
حەسەن ڕۆحانی وتی کە بۆ هەمووان ئاشکرا بوو کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران یان بە واتایەکی دیکە، تیرۆریزمی ئابوری لە دژی گەلی ئێران لە سەدا سەد شکستی هێنا.
وتیشی کە ئێمە چوار ساڵی ڕابردوومان بە یەکڕیزی گەل بە سەرکەوتوویی تێپەڕ کرد، ترەمپ تەنانەت ڕێگریی لە هەناردەی ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ ئێران دەکرد بەڵام لە پاش ئەم هەموو تاوانە شکستی هێنا.