ئەندامێکی باڵای جیهادی ئیسلامی وتی کە دوناڵد ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆی بۆ زاڵبوونی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی لە قودس، کەرتی خۆرئاوا و جۆلانی سوریا ئەوەی پێویست بوو جێبەجێی کرد بەڵام ئەو ڕۆیشت و خاکی فەڵەستین مایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، داود شیهاب لە ئەندامانی باڵای بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە کاردانەوەی بەرامبەر بە کۆتایی ڕژێمەکەی ترەمپ، وتی: ترەمپ لە نێو شایی دانیشتووانی جیهان لە رۆیشتنی، کۆشکی سپیی بە جێهێشت و هەر ڕۆژێکی سەرۆکایەتییەکەی بە هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان هەژمار دەکرا.
ناوبراو وتی: لەو چوار ساڵەدا ئەوەی پێویست بوو ترەمپ بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێی کرد بەڵام ئەو ڕۆیشت و فەڵەستین مایەوە.
ئەندامی باڵای جیهادی ئیسلامی هەروەها وتی: ئەوەی بۆ ترەمپ و پیلانەکانی ڕووی داوە دەبێتە یەکەمین و گرنگترین وانە بۆ ئەو کەسانەی کە هاتوونەتە سەر دەسەڵات، کەس ناتوانێت بستێک خاکی فەڵەستین بۆ هەتا هەتایی داگیر بکات و ئێمە لە مافی خۆمان بێبەش بکات، بەڵام وانەی دووەم بۆ ئەو کەسانەیە کە ڕوویان لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کرد، ئەوانەی کە خۆیان فرۆشت و داهاتی وڵاتەکەیان ڕادەستی ترەمپ کرد، سەرشۆڕی و ڕوڕەشییان لە مێژوودا بۆ دەمێنێتەوە.
داود شیهاب وتی کە ئەو وڵاتانەی عەرەبی کە دەستیان دایە دەستی ترەمپ تا پاڵپشتی لە فەڵەستین نەکەن، بۆیان ڕوون بووەتەوە کە فەڵەستین و خۆڕاگرییەکەی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.