ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئاشکرای کردووە کە تورکیا بەنیازە لە قەزای شەنگال سەر بە پارێزگای نەینەوای عێراق بنکەیەکی سەربازی بکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کیفاح مەحمود ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسعود بارزانی بە ئاماژە بە هاوکارییەکانی نێوان هەولێر و ئەنکەرە بە تایبەت لە دۆسیەی پەکەکە، وتی: هەر دوو لا بە جیدی لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگال دەڕوانن، بە تایبەت ئەوەی کە پەکەکە ڕازی بکرێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە کردەوەی سەربازیی لە دژی تورکیا نەبێت.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی سپۆتنیک وتی کە بە پێی زانیارییەکان تورکیا دەیەوێت هاوشێوەی بنکەی باشیک لە نزیک شاری موسڵ، بنکەیەکی سەربازی لە شەنگال بکاتەوە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی پارتی وتی کە بەغدا و هەولێر و ئەنکەرە لە نزیکەوە کار لە سەر دۆسیەی پەکەکە و ڕێکەوتنەکەی شەنگال دەکەن.