بەدەر لەوەی کێ لە پشتەوەی تەقینەوە خوێناوییەکانی پێنج شەممەی ڕابردوو بەغداوە بووە، چەند هەڕەشە و کێشەی جیدی و ئەڵبەت نوێ لە دڵی ئەم ڕووداوە سەریهەڵداوە.
یەکەم ئەوەی کە ئەم کردەوە تیرۆریستییە سەر لە نوێ و لە چوارچێوەیەکی نوێ لێک نزیکبوونەوەی شێعە و سوننەی لە عێراق بە ئامانج گرتووە و هەوڵ دەدات لە هەلومەرجی پاش شکستی داعش. جارێکی دیکە دوو لایەنی مەزهەبی ئێستای عێراق ڕوبەڕوی یەکتر بکاتەوە.
دووەم ئەوەی کە هەڕەشەیەکە بۆ ئەوەی بڵێت داعش بەردەوام زیندووە و پێداگری لەوە دەکات کە دیسانەوە دەسەڵاتی عێراق بکاتەوە ئامانج.
سێهەم ئەوەی کە هاوکات لە گەڵ دەستبەکاربوونی بایدن هەوڵ دەدرێت دۆسیەی عێراق لە لایەن ناوبراو جێی گرنگی بێت و بەم شێوەیە هەوڵەکانی پێشوو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە پشتگوێ بخرێت و لە ئاکامدا بە سەرقاڵکردنی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە پرسە لاوەکییەکان، شوێنی پرسە سەرەکییەکانی وەک چاکسازی و بونیادنانەوەی کەرتی ئابوری بە کێشە ئەمنییەکان پڕ بکرێتەوە.
خاڵێکی دیکە لە تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیران ئەوەیە کە داعش خەڵکی ئاسایی و هەژاری عێراقی کردە ئامانج. هەڵبژاردنی ئەم ئامانجە ئەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە کە داعش هێزی ڕوبەڕوبونەوەی خەباتگێڕانی عێراقیی لە بەرەکانی شەڕ یان بەرەکانی دیکە نییە بەڵام ئەوەش پیشان دەدات کە لە ڕێگای ناسەقامگیرکردنی عێراق، داعش و لایەنگران و ئەوانەش پاڵپشتیی دەکەن، پابەندی هیچ هێڵێکی سور نین.
لەم نێوەدەدا گۆڕینی بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئەگەرچی بە یەکێک لە ڕێکارەکان بۆ ڕێگری لە دوبارەبوونەوەی دادەنرێت بەڵام ڕێگاچارەیەکی کاریگەر نییە. ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە هۆکاری سەرەکی و ڕیشەیی ناسەقامگیری لە عێراق لە هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە و بۆ هەتا هەتایی چارەسەر و لەناو ببرێت.
ئەگەر پرۆژەی دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بە کۆتایی بگات و لە هەمان کاتدا بودجە و هاوکاری حکومەت بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێناو بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی داعش زیاتر بکرێت، ئەو کاتە دەتوانین هیوادار بین کە تاوانی وەک پێنج شەممەی ڕابردووی بەغدا دوبارە نەکرێتەوە. ئاشکرایە کە تا دوژمنانی عێراق لەم وڵاتەدا بەرژەوەندییان هەبێت واز لەم خەڵکە ناهێنن. ئاشکراتر ئەوەی کە بڕیارەکەی کازمی بۆ دورخستنەوەی ژمارەیەک لە پلەدارە سەربازییەکان نابێتە چارەسەری دۆخەکە و هیچ لە کێشەی سەرەکی ناگۆڕێت./.