بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ هەینی، ناوی چەند وڵاتێکی بڵاو کردەوە کە داوای ئەوەیان کردووە چاودێری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە بکەن.
مەحمود ڕۆبەیعی وتەبێژی فراکسیۆنی سادیقون لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم لێدوانە وتی: ئەو وڵاتانە دەتوانن داوای چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن کە خۆیان سیستەمێکی دیمۆکراسییان هەبێت، لە کاتێکدا کە سعوودیە لە مانای دیمۆکراسی تێناگات و هیچ هەڵبژاردنێک لەو وڵاتەدا بەڕێوە نەچووە، ئەو وڵاتە هیچ مافێکی بە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە نییە.
ناوبراو وتی: دەسەڵاتی سعوودیە دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی تەکفیرییە و سیاسەتی ئەو وڵاتە کوشتن و ڕووخاندن و لەناوبردنی وڵاتانی ناوچەکەیە و عێراق لە پاش ساڵی 2003 زیاترین زیانی لە سعوودییەکانەوە پێگەیشتووە.
ڕۆبەیعی وتی: ژمارەیەک وڵاتی خاوەن دیمۆکراسی هەیە کە لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن چاودێری پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بکەن./.