بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ جنین هنیس پلاسخارت وتی: گەل و حکومەتی عێراق ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، لە بەر ئەوەی کە گەلی ئەم وڵاتە خاوەنی کەلتورێکی دەوڵەمەندن و پەیوەندییەکانی ئێمە و ئەوان بەربڵاو و برادەرانەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی مەرجەعیەتی باڵای عێراق، وتی: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ عێراق زۆر گرنگ دەبێت و گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە داهاتوویەکی ڕوونیان دەبێت، ئێرانیش وەک ڕابردوو ئامادەیە لە هەر بوارێکدا هاوکاری ئەوان بکات.
وەلایەتی وتی: ئێران لە شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش ڕۆڵی گەورەی لە هاوکاریکردنی عێراقییەکان گێڕا و شەهیدان سولێمانی و موهەندیس گیانی خۆیان وەل شەهیدانی خۆڕاگری لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆریزم بەخت کرد و شەهیدکردنی ئەو دوو فەرماندە باڵایە بە هەڵەیەکی تیرۆریستی ئەمریکا دادەنرێت.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا پلاسخارت وتی کە عێراق بەراورد بە ڕابردوو دۆخێکی باشتری هەیە و دەفرایەتییەکی زۆری لە بوارەکانی ئابوری، ڕۆشنبیری و مێژووی لە نێو وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە کە دەبێت کەڵکی پێویستیان لێ وەربگیردرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێراق کردەوە./.