بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی لە چاوپێکەوتنی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، وتی: تاران و بەغدا بە پێی دەفرایەتییە ئابورییەکان دەتوانن وەک دوو هێزی ئابوری تەواوکەری یەکتر بن و پێویستە هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە ئاسۆی دیاریکراوی 20 ملیار دۆلار لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان خێراتر ببێت.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی لێژنەی هاوبەشی هەر دوو وڵات، وتی: بە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەو لێژنەیە دەتوانرێت هەنگاوێکی گەورە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق هەڵبگیرێت.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە چارەسەربوونی کێشەکانی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە، وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەم پرۆژەیە بە تەواوی ئابوری، بازرگانی و لە پێناو جۆربەجۆرکردنی کەرتی گواستنەوەی نێوان هەر دوو وڵاتە.
ناوبراو وتی: پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقامگیری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕیزی یەکەمایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و هاوکاری و پێکەوەبوونی هەر دوو وڵات لە شەڕی دژ بە داعش نموونەیەکی ڕوونی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرنگییەوە باسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی کرد و وتی: ئێران و عێراق لە پەیوەندییەکانی نێوانیان پشت بە کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەش دەبەستن کە ئەنجام و بەرهەمی ئەو پەیوەندییە برادەرانە و ستراتیژییەش دەتوانێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دابین بکات.
حەسەن ڕۆحانی وتی: تاران دژی هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکییە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و ئەمەش لە زیانی گەلی عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەزانێت.
وتیشی کە تیرۆری دژە مرۆڤانەی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس نموونەی شەرمەزارکراوی دەستێوەردانی دەرەکییە لە کاروباری عێراق کە لە چوارچێوەی تیرۆریزمی حکومی ئەمریکادا کرا و دوو فەرماندەی قارەمانی سەرکەوتنی دژ بە داعشی کردە ئامانج./.