بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هاتووە کە خالید باتەرفی سەرکردەی باڵی یەمەنی قاعیدە، مانگی ئۆکتۆبەر لە پرۆسەیەکی سەربازی لە شاری غەیزە لە پارێزگای موهرە دەستبەسەر کراوە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەعد عاتف عولقی جێگری باتەرفیش لەو پرۆسە سەربازییەدا کوژراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدراوە کە سەرکردەی قاعیدە لە یەمەن لە ئێستادا لە کوێ دەستبەسەرە.
خالید باتەرفی لە پاش کوژرانی قاسم ڕیمی سەرکردەی پێشووی قاعیدە لە یەمەن، لە سەرەتای ساڵی 2020 وەک سەرکردەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەستنیشان کرا.
پێشتر عەبدولکەریم حوسی وەزیری ناوخۆی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی یەمەن ڕایگەیاندبوو کە هاوپەیمانی سعوودیە بۆ شەڕی دژ بە هێزەکانی یەمەن کەڵک لە گرووپە تیرۆریستییەکانی قاعیدە و داعش وەردەگرێت./.