جۆبایدن کە سەرکەوتنی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەسەڵاتدارانی سعوودیەی نیگەران کردبوو وێڕای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی واشنتن بۆ هاوپەیمانی سعوودیە لە هێرشەکانی سەر یەمەن و ئەنسارووڵا، بڕیاری ئەوەشی داوە کە لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان پاڵپشتی لە سعوودیە بکات. ئەم هەڵوێستە دووفاقییە بە واتای ئەوە دێت تا ئەو کاتەی کە قەیرانی یەمەن بەردەوام بێت دەستی سعوودیە و ئیمارات بۆ دەسدرێژی لە یەمەن کراوەیە.
بایدن هەروەها دەستی سعوودییەکانی لە یەمەن بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی قاعیدە بە کراوەیی هێشتووەتەوە و ڕاگەیاندنی هاوکارییەکانی ئەمریکاش لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان پەیامێکی پشتگیرانە بۆ بنەماڵەی شا سەلمانە. بێهۆ نییە کە سعوودییەکان دەستبەجێ پێشوازییان لەو بەشەی لێدوانەکانی بایدن کرد و تەنیا ئەم بەشەش لە میدیاکانی ئەو وڵاتە زیاتر گرنگیی پێدرا.
ئەگەر بە پێی لێدوانەکانی بایدن باس لە ئاسۆی قەیرانی یەمەن بکەین دەتوانین هەڵومەرجێکی وەها پێشبینی بکەین کە سعوودیە و ئیماراتی دۆڕاو لە 6 ساڵ شەڕی یەمەن دەیانەوێت خۆیان لەو گێژاوە دەرباز بکەن، لانیکەم 2 ساڵە کە ئەو وڵاتانە هەوڵی دەربازبوونی خۆیان دەدەن.
بزوتنەوەی ئەنسارووڵا لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی ترەمپ ڕایگەیاند کە ئاشتی تەنیا ئەو کاتەی لە یەمەن مسۆگەر دەبێت کە دەسدرێژییە سەربازییەکان تەواو ڕابگیرێت و گەمارۆی سەر یەمەن هەڵبگیرێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دەبێت کە سیاسەتی لەو شێوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت لەم خولەی سەرۆکایەتی بایدن پەیرەوی بکات وەڵامدەرەوە نییە.
جەختکردنەوەی بایدن لە مافی بەرگری سعوودیە و هەروەها ئاماژەی بە بەکارهێنانی مووشەک لە لایەن بزوتنەوەی ئەنسارووڵا، سیاسەتەکانی ئەمریکای ئێستا لە بەرامبەر دوناڵد ترەمپ ڕوون دەکاتەوە، ئەو سیاسەتەی کە بایدن دەیەوێت ئاستەنگ بخاتە بەردەم بەرەی خۆڕاگری لە پاڵپشتی خەڵکی یەمەن لە بەرامبەر دەسدرێژی و تاوانەکانی هاوپەیمانی سعوودیە و لەو کاتەشدا دەسەڵاتدارانی ڕیاز بە پێگەیەکی بەهێزەوە بۆ مێزی دانوستان بگەڕێنێتەوە.
لە ڕاستیدا دەتوانین تێڕوانین و سیاسەتی بایدن بۆ قەیرانی یەمەن بە گوماناوی ناو ببەین و ڕەنگە تەنیا لە هەلومەرجێکدا بتوانین هیوامان بەو سیاسەتە هەبێت کە هاوکات دۆسیەکانی دیکەی سعوودیە وەک زیندانیانی سیاسی، مافی مرۆڤ، تیرۆری چالاکوانانی سیاسی و میدیایی و دەستێوەردانەکانی دەسەڵاتی بن سەلمان لە وڵاتانی دیکەی وەک عێراق، سوریا و لوبنان بخرێتە سەر مێز. ڕەنگە دۆسیەی خاشقچی یەک لەو دۆسیانە بێت کە حکومەتی سعوودیەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێ بێزار بکرێت./.