بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤیلیام ڕوباک جێگری نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا وتی: تا ئەو کاتەی کە ئیدارەی جۆبایدن بیانەوێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سوریا بکەن، هەلومەرجی تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە وا دەمێنێتەوە، بەو واتایە کە تا سێ مانگی داهاتوو هیچ کشانەوەیەک لە سوریا ڕوو نادات.
ڤیلیام ڕوباک لە ساڵانی 2004 تا 2007 ڕاوێژکاری سیاسی باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق بوو و پاشان لە ساڵی 2018 تا 2019 جێگری جێمز جفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بووە.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردی لە باکوری سوریا، وتی: بارودۆخی ئەم ناوچەیە لە گەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق جیاوازیی هەیە و خەڵکەکەی زۆر ڕەزامەندی ئەوە نین کە وڵاتێکی سەربەخۆی کوردییان هەبێت.
ڕوباک وتی: واشنتن پاڵپشتی لە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ناکات، هاوپەیمانی ئەمریکی بۆ شکستی داعش لەم ناوچەیە بوونی هەیە و هێزەکانی هەسەدەش ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، ئێمە بۆ باشتربوونی بژێوی ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە چەند هەنگاوێکمان هەڵگرتووە و پاڵپشتیمان لە ئیدارەی خۆجێی کردووە، هەروەها لە بەرامبەر داعش لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاری هێزەکانی هەسەدەمان کردووە، ئەم هەنگاوانە بە ئامانجی زاڵبوون بە سەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا نەبووە./.