بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا و مەرجی ڕاگرتنی پیتاندنی یورانیۆم بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران، وتی: ئەوەی کە ئێران جێبەجێی کردووە بە دڵنیاییەوە کە لە پاش هەڵەکەی ئەمریکا و کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی و سەپاندنی سزا ئابورییەکاندا بووە.
ناوبراو وتی: ئەگەر ئەمریکا ویستی گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی هەیە دەبێت گەمارۆکان بە تەواوی هەڵبگرێت و پابەندی ڕێکەوتنی ناوەکی بێت.
عێراقچی وتی: پێویستە ئەمریکا کە لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشاوەتە سەرەتا بۆ ئەم ڕێکەوتنە بگەڕێتەوە، هەر کات گەڕانەوە و گەمارۆکانیش هەڵگیران و ئێمەش بۆ مان ڕوون کرایەوە کە گەمارۆکان نەماون، ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە بە خێرایی بۆ بەڵێنەکانمان لە ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێینەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەوەی کە باس دەکرێت پرسی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەییش دەچێتە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: بە هیچ شێوازێک ئەوە لە لایەن تارانەوە قبووڵ ناکرێت./.