بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەحمان عامری باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان بە ڕۆژنامەی سەباح ی ڕاگەیاندووە کە پەیامی گەورە و گرنگی سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق پاڵپشتییە لە وتووێژی نێوان ئائینەکان لە بەر ئەوەی کە پاپا خوازیاری وتووێژ و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان و لایەنگرانی ئائینە جیاجیاکانە بە تایبەت پەیوەندی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکان.
ناوبراو وتی: پاپا فرەنسیس کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە گەڵ ئایەتووڵا سیستانی مەرجەعی باڵای ئائینی لە عێراق دەبێت و لەو کۆبوونەوەدا جەخت لە سەر ڕەتکردنەوەی توندڕۆیی و پەرەپێدانی ئاشتی و پاڵپشتی لە دانیشتووانی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش بە تایبەت دەشتی نەینەوا، موسڵ و ناوچەکانی دیکە دەکاتەوە کە لە ساڵانی شەڕی داعش زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
باڵیۆزی عێراق هەروەها وتی: پاپا فرەنسیس لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق پەیامی پەرەپێدانی ئاشتی، وتووێژ، برایەتی و هاوکاری داهێنەرانە لە نێوان سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتە بە مەبەستی گەڕانەوەی متمانەی خەڵک و هیوای ئەوان بە ژیان بە تایبەت لە نێوان گەنجان دەگەێنێت.
ڕەحمان عامری وتی: ئەگەرێکی زۆرە کە بەڵگەیەکی ئاشتی وەک برایەتی و مرۆڤی، هاوشێوەی ئەوەی کە پاپا لە ئیمارات لە گەڵ شێخی ئەزهەر واژۆی کردووە، لە گەڵ ئایەتووڵا سیستانیش واژۆ بکرێت کە دەرفەتی پەیوەندی و متمانەی بەرامبەر لە نێوان هەموو چین و توێژەکان دەڕەخسێنێت و بەستێنی هاوکاری نێوان مزگەوت و کەنیسەکانیش دابین دەکات تا پێکەوە هاوکارییان هەبێت و بانگهێشتی پیرۆزییەکانی ئاشتی، برایەتی، مرۆڤی، پێکەوەژیانی هاوبەش و پتەوکردنی بنەماکانی دادپەروەری و خێر و چاکە بکەن.
بە پێی بەرنامەی ڕاگەێندراوی پێشوو، بڕیارە پاپای ڤاتیکان لە ڕۆژانی 5 تا 8 ی ئادار لە عێراق بێت. پاپا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەو سەردانە بۆ عێراق لە کاتی خۆیدا دەکرێت./.