دواکەوتنی یەک مانگەی پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی بایدن لە گەڵ نتانیاهۆ لەم ماوەیە کە ناوبراو وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا دەستی بەکارەکانی کردووە و لە گەڵ 10 سەرکردەی وڵاتانی جیهانیش قسەی کردووە، ئەو خوێندنەوەیە بەهێزتر دەکات کە بایدن لە گەڵ نتانیاهۆ کێشەی سەرەکیی هەیە و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش پاڵپشتی نتانیاهۆ لە دوناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بووە.
بایدن بەم هەڵوێستەی پەیامێکی ڕوونی گەیاندە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کە ڕەنگە کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی واشنتن – تەل ئەبیب هەبێت، هەرچەندە کە ئەمریکا خۆی بە پابەندی پاراستنی ئەو ڕژێمە دەزانێت بەڵام کێشەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانەکەی هەیە.
لە کاتێکدا کە ترەمپ لە ڕۆژی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پەیوەندیی بە نتانیاهۆوە کرد، بایدن لە پاش یەک مانگ پەیوەندی بە ناوبراوەوە کرد. ڕەنگە بتوانین چەند هۆکارێک بۆ خێراتربوونی ئەو پەیوەندییە باس بکەین، بە واتایەکی دیکە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی گەورەی ئەرووپی سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بۆ تاران و هەروەها بڕیارەکەی ئێران بۆ کشانەوە لە بەشێکی دیکە لە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، هەمووی پێکەوە وایکرد کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دژایەتی ئێران بەرەیەکی ئەمریکی – ئەورووپی و ئیسرائیلی ساز بکات تا لەم ڕێگایەوە ئێران ناچار بە گەڕانەوە لەو بڕیارەی بکات، ئەمەش لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفوونییە بە ڕوونی دەبینرێت.
لە ڕاستیدا لەم هەلومەرجە نوێیە تەنیا هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستییە. لە ئێستادا چیدی ناتوانین باس لە پێویستی ئەمریکا بە نەوت بکەین و واشنتن ناتوانێت جارێکی دیکە بانگەشەی ئەوەش بکات کە بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی هاتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سێگۆشەی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە ناوچەکە – نەوت، بانگەشەی دیمۆکراسی و پاراستنی ئیسرائیل – تەنیا پاراستنی ئەو ڕژێمە ماوە.
ڕژێمی زایۆنیستی بەدەر لەو هەموو پاڵپشتییەی ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 4 ملیار هاوکاری سەربازی و بەرگری لەو وڵاتە وەردەگرێت. بە پێی ئەم سیاسەتە کۆنەی ئەمریکا بایدن بە ناچاری پەیوەندیی بە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە کرد بەڵام یەک مانگ ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەی دواخست تا پەیامێک بە کۆمەڵگای زایۆنیست بگەێنێت کە لە گەڵ ئیسرائیل کێشەی نییە بەڵام کێشەکەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانەکەی ئەو ڕژێمەیە و بە ئامانجە هاوبەشەکانی واشنتن و تەل ئەبیب پابەندە، هەرچەندە نایەوێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ڕژێمەدا دیسانەوە نتانیاهۆ وەک سەرۆک وەزیران ببینێتەوە./.