بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پییر ئۆڵسن فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق ڕایگەیاند کە بەرفراوانکردنی ئەرکەکانی ئەم ڕێکخراوە سەربازییە لە سەر داوای حکومەتی بەغدا جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتی: بوونی ناتۆ لە عێراق و زیاتربوونی ژمارەی هێزەکان و هەروەها بەرفراوانبوونی ئەرک و چالاکییەکان لە سەر داوای حکومەتی بەغدا دەبێت و ناتۆ بەردەوام لە شەڕی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی پاڵپشتی لە عێراق دەکات.
لەو چاوپێکەوتنەدا قاسم ئەعرەجی وتی کە بەغدا پەیوەندییەکی باشتری لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەوێت و هێزە عێراقییەکانیش لەم ساڵانەدا ئەزموونی زۆر باشیان بە دەست هێناوە و ئاڵوگۆڕی ئەم ئەزموونەش لە شەڕی دژ بە تیرۆر و توندڕۆیی زۆر گرنگە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەختیکردەوە کە ئەم وڵاتە بەشێک لە کێشەکانی ناوچەکە نییە بەڵکوو بەشێکە لە چارەسەرەکان.
وتیشی کە عێراق هەوڵ دەدات بە هۆی بەردەوامی مەترسییەکانی داعش کەڵک لە ئەزموونەکانی ناتۆ وەربگرێت./.