بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائیل گروسی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ژاپۆنی، هۆشدارییدا کە ئەگەر ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بە تایبەت ئەمریکا نەتوانن سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی بگەنە ڕێکەوتن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی نوێ سەبارەت بەو دۆسیەیە دەبێتەوە.
ئەمەش یەکەم چاوپێکەوتنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییە لە پاش بڕیارەکەی سێ شەممەی ڕابردووی تاران بۆ ڕاگرتنی بەشێکی دیکە لە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
ناوبراو ئەم بڕیارانەی ئێرانی بە شکستێکی گرنگ بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناو برد.
وتیشی کە نیگەرانییەکان لە سەر دۆسیەی ناوەکی وایکرد سەردانی تاران بکەم.
ڕافائیل گروسی وتی کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە زانیارییەکان لە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران کۆدەکاتەوە.
وتیشی کە ئەگەر ئێران و وڵاتانی پەیوەندیدار بگەنە ڕێکەوتنێکی سیاسی، ئاژانس دەتوانێت دەستی بە زانیارییەکان بگات.
گروسی وتی کە دەرفەتی سێ مانگە دەتوانێت کەشی دانوستانەکان دابین بکات، ئەگەر ڕێکەوتنیش نەکرێت نەک تەنیا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بەڵکوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی نوێ دەبێتەوە./.