سیناریۆی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی ناوبراو لە گەڵ شای سعوودیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە واشنتن ئیشی بە جێنشینی ئەو وڵاتەوە نییە و هەروەها ئاشکراکردنی بەرە بەرەی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا تایبەت بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگەری حکومەتی ڕیاز جەمال خاشقچی، پیشان دەدات کە هێزی دیمۆکراتەکان لە باجگرتن لە سعوودیە زیاترە لەوەی کە کۆماریخوازەکان بە تایبەت لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ باسیان دەکرد.
هەندێک پێیان وایە کە بە هاتنەسەرکاری جۆبایدن، سەردەمی محەممەد بن سەلمان تێپەڕ بووە و دەرفەتی ئەوەی لە بەردەمدا نەماوە کە پاڵ بە کورسی پاشایەتی سعوودیەوە بدات بەڵام پێویستە بوترێت کە بن سەلمان بەم ڕیسواییەشەوە بە چەند هۆکارێک لە کورسییەکەی باوکی نزیک دەبێتەوە:
یەکەم: بن سەلمان لە پاش مردنی باوکی زیاتر دەبێتە گوێڕایەڵی ئەمریکا و ڕەنگە بە هۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی لە گەڵ نەیاران و ڕەخنەگرانی وەک خاشقچی، بەردەوام لە لایەن ئەمریکییەکانەوە هەڕەشەی لادانی لە سەر بێت.
دووەم: پرسی پەیوەندییەکەی بایدن و شا سەلمان بە پێی ڕاگەێندراوەکەی کۆشکی سپی تەنیا تایبەت بە یەمەن و ئێرانەوە بووە و هیچ قسەیان لە سەر بابەتێک نەکردووە کە کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی ڕیاز و واشنتن دابنێت.
سێهەم: ئەمریکا لە پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی تیرۆری خاشقچی، محەممەد بن سەلمانی نەخستووەتە ڕیزی ئەو 67 کەسەی کە بڕیارە بە هۆی ئەو تاوانەوە سزا بدرێن.
چوارەم: دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەرامبەر گرێبەستە سەربازییەکان، ڕەزامەندیی لە سەر پیلانگێڕی گرێبەستی سەدە و هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوام پاڵپشتی و بەرگریی لە بن سەلمان دەکرد، هەر بۆیە ئەم هەنگاوانەی ئیدارەی بایدن تەنیا بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە جێنشینی سعوودیە کە ئەو ئامرازی دەستی ئەمریکا و گوێڕایەڵی بەردەوامی سیاسەتەکانیەتی لە ناوچەکە و ئەوەیان بیەوێت لە ڕێگای بن سەلمان و سعوودیەوە جێبەجێی دەکەن./.