ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە وەڵامێک بۆ هێرشە ڕۆکێتییەکەی سەر هەولێر و ناوچەی سەوزی بەغدا بووە، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی بەغدا ڕانەگەێندراوە و ئەنجامدەری ڕاستەقینەی ئەو هێرشانە دیار نییە، ئەڵبەت هەندێک لایەن بە بێ لێکۆڵینەوە پێشتر گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبییان بەو هێرشە تۆمەتبار کردووە. زۆربەی شرۆڤەکاران دەڵێن کە ئەو هێرشانە گوماناوی و تەنیا بۆ ئەوەیە کە بەستێنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانی خۆڕاگری عێراق دابین بکرێت.
هێرشەکەی ئەمجارە لە سەر فەرمانی ڕاستەوخۆی بایدن کراوە و لە ناوەڕۆکی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەتوانین بەوە بگەین کە پەیامێکە ڕاستەوخۆ بۆ ئێران، حیزبووڵا و خۆڕاگری لە عێراق و سوریا. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پڕوپاگەندەی بەرەی عەرەبی – زایۆنیستی بۆ کاریگەریدانان لە سەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمارە دیمۆکراتەکەی ئەمریکا و دژایەتی بەرەی خۆڕاگری سەرکەتوو بووە. وەک چۆن کە کۆشکی سپیش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بەشێکی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و شای سعوودیە تایبەت بە ئێران بووە.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەتوانین بڵێین کە هێرشەکەی ئەمریکا پەیوەندیی بە دۆسیەی ناوەکی ئێرانەوە هەیە کە لە لایەکەوە پێداگری لە سەر دانوستان کراوە و لە لایەکی دیکەوە باس لە گوشارەکانی وەک هێرشی سەربازی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران و بەرەی خۆڕاگری دەکرێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە کەشی دوژمنایەتی لە گەڵ ئێران و بەرەی خۆڕاگری پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ڕژێمی زایۆنیستی، سعوودیە و لایەنە شوێنکەوتوو و گوێڕایەڵەکانی ئەمریکا لە عێراق درێژە بە پیلانگێڕییەکانیان دەدەن تا هێرشەکەی سوریا دوایین هێرشی ئەمریکای بایدن نەبێت./.