بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی هەینی داوای لە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کرد کە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سوریا ڕوون بکاتەوە.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ محەممەد حەنیف ئەتمەر وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان وتی کە ئەمریکییەکان تەنیا پێنج خولەک پێش هێرشەکەی پێنج شەممە شەوی سوریا سوپای ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە.
لاوڕۆڤ وتی کە ئەمریکا بەردەوام یاری بە کاری دابەشکردنەوە دەکات و لە سوریا بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ئەم وڵاتە، هاوپەیمانەکانی هانی وەبەرهێنان دەدات.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی کە لەم ماوەیەدا چەندین ڕاپۆرتمان لە سەر تاڵانکردنی نەوت و غازی سوریا لە لایەن ئەمریکییەکانەوە گەیشتووەتە دەست و واشنتن سەرقاڵە بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دابەشکردنی سوریا.
وتیشی کە هەموو ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا ویستی کشانەوەی لە سوریا نییە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دانوستانەکانی مۆسکۆ و واشنتن سەبارەت بە سوریا دەست پێدەکات./.