بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یوشیهیدە سۆگا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بڕیاری کردنەوەی وەزارەتێکی نوێی دەرکردووە کە بە ناوی وەزارەتی بەرەنگاربوونەوەی تەنیایی چالاکی دەکات.
ڕاپۆرتێکی میدیایی لە ژاپۆن ئاشکرای کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2020 لەم وڵاتە خۆیان کوشتووە، گەیشتووەتە 20 هەزار و 919 کەس کە لە قەیرانی دارایی ساڵی 2009 تا ئێستا کەم وێنەیە.
حکومەتی ژاپۆن بێکاری و کۆرۆنای بە دوو هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکان لەم وڵاتە ناو بردووە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە خەڵک بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە ماڵەوە زۆربەی ئیش و کارەکانیان بەڕێوە دەبەن و بەمەش تووشی تەنیایی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی زۆر بوونەتەوە و لە ژێر کاریگەری ئەم حاڵەتانە پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن.
تتسۆشی ساکامۆتۆ بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی بەرەنگاربوونەوەی تەنیایی لە ژاپۆن دەستنیشان کراوە و ڕۆڵی ڕێکخەری لە نێوان چەندین دەستە و وەزارەتی ئەم وڵاتەی لە ئەستۆ دەبێت.
وەزیرە ژاپۆنییەکە ڕایگەیاندووە کە ژنانی وڵاتەکەی زیاتر لە بەر هەڕەشەی خۆکوژیدان./.