بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس جەختی لە سەر پاڵپشتی تەواو لە مافەکانی گەلی فەڵەستین کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە بڵاویکردووەتەوە کە حەکیم لەو وتووێژانەدا ڕایگەیاندووە کە پرسی فەڵەستین بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریی بە سەردا ناکرێت بەڵکوو لە ویژدانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا پتەوتر دەبێت.
ناوبراو دژایەتی تەواوی خۆیی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند و وتی: هەڵوێستی گەل، حکومەت، پەرلەمان، مەرجەعیەتی ئائینی و چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین شیاوی دەستخۆشییە.
حەکیم وتی کە عێراق لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە پاڵپشتی لە خۆڕاگری فەڵەستین و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی بۆردومانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق هەروەها داوایکرد کە ڕێکەوتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین بە تایبەت لە بواری مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین و بەرگری لە خۆ جێبەجێ بکرێت./.