بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل بوگدانۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و موسا ئەبومەرزوق جێگرەکەی، دۆخی غەززەی تاوتوێ کرد.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لەو پەیوەندییانەدا دۆخی ئێستای کەرتی غەززە بە تایبەت لە ڕووی مرۆڤییەوە کە ئەنجامی بۆردومانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل بووە، تاوتوێ کراوە و سەرکردەکانی حەماس دوایین هەلومەرجی ناوچەکەیان بۆ نێردەی پوتین ڕوون کردووەتەوە.
بوگدانۆف ئامادەیی ڕووسیای بۆ هەر هاوکارییەک لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین – ئیسرائیل بە شێوازی دووقۆڵی یان لە چوارچێوەی گرووپی چوارقۆڵی نێودەوڵەتی (ڕووسیا، ئەمریکا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا) ڕاگەیاند./.