بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بەردەوام وەک قەیرانێکی چارەسەرنەکراو لە وڵاتانی ئەورووپی ماوەتەوە.
دانیشتووانی ئەورووپا متمانەیان بە حکومەتی وڵاتانی خۆیان دابەزیوە
نوێترین هەواڵی تایبەت بە کۆرۆنا لە ئەورووپا باس لەوە دەکات کە بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەک، ڕێژەی متمانەی خەڵک بە حکومەتە ئەورووپییەکان بە شێوازی بەرچاو دابەزیوە.
زانیارییەکانی دامەزراوەی یۆرۆ فۆند لە سەر 26 ئەندام لە 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەورووپا باس لەوە دەکات کە متمانەی خەڵک بە حکومەتی وڵاتانی خۆیان تووشی دابەزینی بەرچاو بووە. تەنیا لە دانیمارک خەڵک بەردەوام متمانەیان بە حکومەتەکەیان هەیە. یۆرۆ فۆند ڕاپرسییەکەی لە نێوان 140 هەزار کەس لە دانیشتووانی یەکێتی ئەورووپا ئامادە کردووە.
ئەڵمانیا داوای ڤاکسێن دەکات
وەزیری تەندرووستی ئەڵمانیا داوای لە کۆمیسیۆنی ئەورووپی کردووە کە بۆ ساڵانی 2022 و 2023 ڤاکسێنی زیاتر لە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان دابین بکات.
ینز ئشپاهن ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام تووشی گۆڕانکاری دەبێت و پێویستە بۆ هەر هەلومەرجێک ئامادە بین.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕەخنەکان ڕەتدەکاتەوە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕەخنەکانی لە سەر کەمپینی ڤاکسێنی کۆرۆنا ڕەتکردەوە و وتی: ئێمە تەنیا ناوچەین لە جیهان کە هەلومەرجێکمان دابین کردووە تا ڤاکسێنی پێویست بۆ خەڵکی خۆمان لە بەردەستدا بێت و ڤاکسێنی دیکە بە وڵاتانی جیهانیش بدەین.
ئورزۆ لا فون در لاین ڕایگەیاند کە لە هەفتەی ڕابردوو 260 ملیۆن دۆز ڤاکسێنی کۆرۆنا ڕەوانەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کراوە.
وتیشی کە 220 ملیۆن دۆز ڤاکسێنی کۆرۆنا هەناردە کراوە و یەکێتی ئەورووپا بووەتە گەورەترین هەناردەکاری ئەم ڤاکسێنە بە تایبەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەورووپا.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی هۆشداری دەدات
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی بە ئاماژە بە دابەزینی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ئەورووپا سەبارەت بە هەڵگرتنی کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە هۆشداریی داوە.
هانس کلۆگ بەڕێوەبەری ناوچەی ئەورووپای ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاند کە ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ماوەی یەک مانگدا لە سەدا 60 دابەزیوە و لە یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس گەیشتووەتە کەمتر لە 685 هەزار کەس.
ناوبراو وتی: بەڵام ئەم پێشکەوتنە مەترسیی لە سەرە، دەبێت هەڵەکانی ساڵی ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە، ئەو هەڵانە دیسانەوە دەبنەوە هۆکاری سەرهەڵدانەوەی کۆرۆنا.
وتیشی کە هێشتا پەتای کۆرۆنا تەواو نەبووە و نابێت لە بەرامبەر مەترسییەکانی کەمتەرخەم بین.
بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، پێشبینی زیاتربوونی چالاکییەکان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە وەرزی هاوین دەتوانێت ژمارەی توشبووان لە ئەورووپا دیسانەوە بەرز بکاتەوە.
ئەورووپا گرێبەستی کڕینی نزیکەی دوو ملیار دۆز ڤاکسێنی لە گەڵ فایزەر واژۆ کردووە
گرێبەستی پێشووی یەکێتی ئەورووپا لە گەڵ کۆمپانیای فایزەر – بیۆن تەک بۆ کڕینی یەک ملیار و 800 دۆز ڤاکسێنی کۆرۆنا واژۆی لە سەر کراوە و جێبەجێ دەکرێت. ئەم هەواڵە لە لایەن سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسێل ڕاگەێندراوە. بەم ڕێژەیەش لە سەدا 70 تا 80 ی منداڵان لە یەکێتی ئەورووپا دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکوترێن و بەتەمەنەکانیش دیسانەوە ئەو ڤاکسێنەکان بۆ بەکار دێت. گرێبەستەکەش بە بڕی 35 ملیار یۆرۆ خەمڵاندنی بۆ کراوە.
ڤایرۆسی هیندی لە بەریتانیا پەرەی سەندووە
ڤایرۆسی کۆرۆنای هیندی بە خێرایی لە وڵاتی بەریتانیا پەرەی سەندووە و تا ئێستا نزیکەی 3 هەزار حاڵەتی لێ تۆمار کراوە. ئەمەش وەزیری تەندرووستی ڕایگەیاندووە و هۆشداریشی داوە کە ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنای هیندی بەراورد بە مانگی ڕابردوو لە بەریتانیا لە سەدا 28 زیادی کردووە.
کۆرۆنا و لێکەوتەکانی کاریگەری لە سەر گەنجانی ئەورووپی داناوە
لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بووە هۆی ئەوەی کە کێشە دەروونییەکان لای گەنجان زیاتر بێت. ئەنجامی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابوری ناسراو بە OECD پیشان دەدات کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنا تووشی خەمۆکی یان ترس و دڵەڕاوکێ بوون لە هەندێک وڵات تا چوار هێندە زیادی کردووە. گەنجان بە ڕێژەی لە سەدا 30 تا 80 بەراورد بە کەسانی بەتەمەن زیاتر لە بەردەم مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییانەن. لە وڵاتێکی وەک فەرەنسا لە ساڵی 2020 ژمارەی ئەو کەسانە تووشی کێشە دەروونییەکان بوون دوو هێندە زیادی کردووە.
شارەزایەک ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ئەم کێشەیەش بۆ سنورداربوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکییە وەرزشییەکان و نیگەرانییەکان لە سەر داهاتوو دەگەڕێتەوە. بە وتەی ئەو شارەزایە چەندین فاکتەری وەک گۆشەگری، هەژاری، بێکاری و مەترسی لە سەر داهاتوو زیادی کردووە./.